ڤیدیۆیەکی مامۆستا جاسم کەلاری پێشنوێژ و وتار خوێن، یەکێکە لە بانگخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە ١٢ی ئامادەیدا یەکەم بوو کەچی لە جیاتی ببێتە پزیشک، بوو بە مامۆستای ئاینی
جاسم محەمەد ئەمین، یان ئەو مامۆستا ئاینییەی هەموان بە جاسم کەلاری دەیناسن، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە لە کەلار، مزگەوتێک کە هەمیشە جمەی دێت.
ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە و ماستەریشی لە شەریعەدا بەدەستهێناوە، مامۆستایەکی ئاینی جیاواز، ئەو لەگەڵ هیچ مامۆستایەکی ئاینیدا کێشەی نییە بەڵکو هانی خەڵک دەدات گوێ لە هەموو مامۆستایەکی ئاینی بگرن.
ئەو خۆی نایشارێتەوە کوڕی بەرپرسی هەرێم هەبووە، کە گەورەترین قومارچی بووە گوێی لە وتاری ئەو بووە و تۆبەی کردووە
ئەو ئامۆژگاری هەموان دەکات دووعا بۆ یەکتر بکەن، تەنانەت ئەوانەشی نایانناسن، دەڵێت خوای گەورە دەوڵەمەندە، دەتوانێت بیبەخشێت بە هەموان بۆ بەس بۆ خۆتانی داوا دەکەن، بۆ هەموانی داوا بکەن.
مامۆستا جاسم لەگەڵ هەموو ئەمانەدا قسەیەکی کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، ئەویش لە میانی سیمینارێکدا وتی من لە قەبردا بە کوردی وەڵامی فریشتەکان دەدەمەوە و دەڵیم محەمەد د.خ بێت پێغەمبەرمە، ئەگەر لێم تێگەیشتن ئەوا باشە تێش نەگەیەشتن لەلای خودا شکاتیان لێدەکەم و دەڵێم تۆ بۆچی منت بە کورد دروست کردووە.
ئەم قسانە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێکەوتەوە، لە یەکەم کاردانەوەدا کوڕەکەی عەلی باپیر، شەیرف دەڵێت بەرلەوەی خەیاڵت بڕوا بۆ حزوری خوای باڵادەست و شەڕی زمانی کوردی لەگەڵ بکەی (پەنا بەخوا) جارێ بوێرە داوای حەقی زەوتکراوی خەڵك بکە لە بەندە ستەمکارەکانی. لای خۆمان، کورد قووتی زەوتکراوە نەك زمانی. ئەگەر قەرارە وازوو دەفع بی، ئەوا بەرامبەر ستەمکاران قسە زبر بە، نەك لەئاست خوای باڵادەست کە هەرگیز نە تۆ، نە کەس ناتوانێ
مامۆستا جاسم کەلاری، لە دڵەوە وتارەکانی پێشکەش دەکات، کەم نین ئەو وتارانەی دەستدەکات بە گریان، بەڵام زۆر کاتیش بە گێڕانەوەی بەسەرهاتە سەرنج ڕاکێشەکانی نوێژخوێنانی مزگەوتەکەی قاقا پێدەکەنن، یەکێکە لەو مامۆستا ئاینیانەی بەردەوام شیعری شاعیرانی کورد شیدەکاتەوە و زۆر سەرسامە بە نالی.
ئەو بەردەوام هانی خەڵک دەدات بەخشندە بن، چونکە پێی وایە بەخشندەییە بۆ قیامەتی مرۆڤ و ئەم دنیایەشی باشە، دەشڵێت خودا تەنها خوای باشەکان نییە، خودای تاوانبارەکانیشە.