بردنەوەی جەنگ بێشەڕ یان بەڕێگای بێپکدادانی ڕاستەوخۆ ، زۆر باشترە لەوەی بچیەناو جەنگەکە و تووشی زیانگەیاندن بیت.
«سن زوو»
دەیان نووسەری گەورە و لێکۆلەر و پسپۆرانی جیهانی سیاسەت ، دیدگا و بۆچونی جیاوازی خۆیان لەسەر هێرشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل خستەڕوو و ، هەندێکیان پێیانوایە کە ئێران کردارێکی داهێنانەی بە گەلەکۆمەکیەکی ترسناکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دوورهاوێژ ئەنجامدا و ، ئامانجێکی سیاسی بەدیهێنا ئەویش ئەوەیە کە ئێران دەتوانێت بگاتە قووڵایی خاکی ئیسرائیل و ترس و تۆقان بخاتە ناو ئیسرائیلیەکان و ، خواستی ئەوەی نیە بیگەینێتە جەنگێکی سەرتاپاگیر لەگەڵ ئیسرائیل ، چونکە ئێران دەزانێت کە هەر جەنگێکی نیزامی یان نیمچە نیزامی لەبەرژەوەندی ئێران نیە چونکە وڵاتەیەکگرتووەکان و خۆرئاوا دێنە ناو جەنگەکە و پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن ، بەڵام ئێران ئامادەیە بۆ شەڕ تا دوا سەرباز لە سەربازەکانی بریکارەکانی لە ناوچەکە و ئەوانە سووتەمەنی ئەون کە دەیانسووتنت و ، ئامادەنیە خۆی یان سەربازەکانی بۆ شەڕ ، هەندێکی تر وایدەبینن کە ئەوەی تاران ئەنجامیداوە وەک فیلمێکی بازرگانی و شانۆگەری و نمایشکردنێکی ڕێککەوتنێکی لەپێشینەکراو لەنێوان تەهران و تەلئەبیب و واشینتۆن بووە ، هەندێکی تر پێیان وایە کە تاران گەمەیەکی زۆر ترسناکی کردووە و ، بەم ئیهانەکردنەی ئیسرائیل خۆیخستەسەر لێواری دۆزەخ.
کەسەیری لێدانە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیران -م کرد بەرانبەر ئیسرائیل ، لێدانە موشەکیە فاشیلەکەی سەدامم بیر هاتەوە کە لە ینایەری 1991 ، «40» موشەکی جۆری سکۆد-ی لە ئسرائیلدا ، بۆئەوەی ئیسرائیل بخاتە ناو جوغزی ململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ، لەڕاپۆرتێکدا خوێندمەوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل بەشێک لە ئەرشیفی خۆی بڵاوکردەوە ، کەتێیدا باسی هێرشە موشەکیەکەی سەدام دەکات و دەڵێت ؛ «14» کوژرا و «200» بریندار و ڕووخانی زۆرێک لە باڵەخانە و ئاگربەربوون لە هەندێک لە کارگە و ، جگە لەوەش کۆمەڵگای ئیسرائیلی دووچاری ترس و تۆقانی هێرشی کیمایی بووەوە و وایلە «200» کەس کرد کە دەرزی دژە گازی ئەعساب لەخۆیانبدەن ، ئالەم دۆخە نالەبار و هەموارەدا وڵاتەیەکگرتووەکان فشاری خستەسەر ئیسرائیل کە هێرش نەکاتە سەر عێراق و دانبەخۆیدابگرێت ، ئیسرائیل بە بەڵێنەکانی ئەمەریکا ڕازیبوو و ، ئەمەریکا سەدامی بۆ ڕووخاند و لەسێدارەی داو و سیستەمی پاتریۆتی بۆدانا ، لەهێرشەکەی ئەمجارەی ئێرانیش هەمان داوای لە ئیسرائیل کردووە ، کە لێدانێکی ڕەمزی لە ئێران بدا ، ئەوبوو لە ڕاگەیاندەکان بڵاوکرایەوە چەند مووشەکێک بەر هەندێک دامەزراوەی کەوتن و ، پێشتریش پەیامی ئەمەریکا ئەوەبوو کە « توانرا هێرشەکەی ئێران شکستی پێبهێنرێت و ئیسرائیل سەرکەوت و لەوەزیاتر دۆخەکە پەرەنەستێنن » ، هێشتا زووە قسەیەکی وورد لەسەر ئەنجامی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بکرێت ، بەڵام بەتەئکید لەژێرپەردە بەڵێن بە ئیسرائیل دراوە.
فەیلەسوفی جەنگ-ی چینی « سن زو» بەر لە «2500» ساڵ لەمەوبەر تەئکیدی لەسەر ئەوە کرۆتەوە کە بردنەوەی جەنگ بێشەڕ ، زۆر باشترە لە چوونەناو جەنگ، ئەوڕۆ دەیان ڕێگای دبلۆماسی هەیە بۆ سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکان ، بەهەرحاڵ بەهیواین ئەو دۆخەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوور بێت لە گڕگرتن و پەرەسەندن ، دۆخێک بێتە ئاراوە کە لەبەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە بەتایبەتی گەلی فەڵەستین و گەلی کوردستان دابێت و نەبێتە مایەی زیاتری ئازا و ئەشکەنجەی ئەو گەلانە .