تەنها تا رادەیەک سۆز دەتوانێت هەڵسەنگاندنی دروست ئەنجام بدات، ئەگینا، هەموو سۆزێک دادەمرکێتەوە، هەڵپەیەکی هەستەوەرییە، بە بچووکترین تەوژم کپ دەبێتەوە، بۆیە هیچ هەڵچنینێکی شێلگیری لەسەر بنیاتنانرێت.
سەردانی پزیشکیان بۆ هەرێم، دڵی هەندێکی بەوە خۆشکرد کە سەرۆکی ناوبراو یەک دوو رستەی رەوانی بە زمانی کوردیی دەربڕی، هەندێکی دیکەی بەوە دڵخۆشکرد کە حاڵی حازر دوو سەرۆک بە زمانی کوردیی قسە دەکەن( ئەمە وەک نوێژکردنەکەی ناپلیۆنە لە مزگەوتێکی قاهیرە)...ئەم دیاردە رووکەشە هیچ شتێکی بایەخداریی لێ شین نابێت، چونکە، هەر هەمان ئەو رۆژەی پزیشکیان لە هەولێر بوو، کوردێکی رۆژهەڵاتیان لە سێدارە دا. بە چ تاوانێک؟
کوردی رۆژهەڵات تەنها پێویستی بەوە نییە بە زمانی دایک قسە بکات و چەند بڵاوکراوەیەکی بە زمانی کوردیی هەبێت، بەڵکو پێویستە زمانی کوردیی لە دامودەزگا پەروەردەییەکاندا بگوترێتەوە و وەکو زمانی فەرمی کوردستانی رۆژهەڵات بناسرێت. تاکو زمان نەبێ بە زمانی فەرمیی، هەر بە نێوچڵیی گەشە دەکات، یا تەنها لە لای دەستەبژێرێک بایەخی دەبێ، ناتوانێت هەموو کایەکانی ژیان پڕ بکاتەوە، ناتوانێت ببێ بە زمانی تەکنیک و زانست، زمانی هونەر و پیشەسازی، زمانی یاسا و کشتوکاڵ هتد.
لە خۆڕا نییە وڵاتێکی وەکو ئێران یا وڵاتێکی وەکو تورکیا، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم داواکارییە ژیارییەن، چونکە باش دەزانن زمان دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لە دوا پێناسەدا هەر زمانە. بمانەوێ و نەمانەوێ زمانی کوردیی لە رۆژهەڵات زمانی دووەمە، واتە، زمانی دایک لە پلەی دووەمدایە لە چاو زمانی فارسیی. با لە بازاڕ و ناوماڵ و دیوەخان و مزگەوت بە کوردیی قسە بکرێت، ئەمە کەمترین مافە کە دەدرێتە هاوڵاتییان.
پێداگریی کردن لەوە کە زمانی کوردیی چ لە ئێران، چ لە تورکیا ببێ بە زمانی خوێندن و نووسین لە دامودەزگا پەروەردەییەکان، یەکێکە لە ئەوەلییاتی هەموو داواکارییەکی نەتەوەیی. چونکە، دواجار، تەنها هەر زمانە شوناسە راستەقینەکانی میللەت دابێن دەکات...