ئاماژە بە خود دوژمنی و بۆشیاییەکی کووشندەی سەرکردایەتی نیشتیمانی
ئیسرائیلییەکان پەرەیان بە تیۆرێك داوە بۆ شکستپێهێنانی دوژمنەکانیان بێ ئەوەی خۆیان هیچ خەرجییەکی تێدا بکەن، (کەپێشتر باسمان کردووە). تیۆرەکە باس لەوەدەکات، چۆن بتوانیت میللەتێ لەڕێی تەقاندنەوەی ناکۆکییەکانی ناوی، رووخاندنی پردی متمانەبەیەکتری نێوان هێزەکانی، شکاندنی رەمزە هاوبەشەکان و بەشەردانیان لەناویەکتردا، بەپارەو تواناوخوێنی خۆیان، نەك هەر شکستپێبهێنیت، بەڵکو تۆش بەناوبژیوان و فریادرەس بزانن و سەیربکەن !
تیۆرێکی تریش بەناوی (دۆخی وە حشەتناك) هەیە، کەئاماژەیە بە گەرانەوەی کۆمەڵگە بۆ دۆخی سرووشتیی هۆبزی و شەری هەمووان دژی هەمووان، کەیەکێ لەتیۆر داڕێژەرەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دایرشتووە و باس لەوە دەکات، بۆ ئەوەی ئەوان لەوڵات وکۆمەڵێکدا شوێنپێیان ببێتەوە، توانای تەجنیدکردنی خەلکێکی زۆریان هەبێت وببن بەهێزی دەستنیشانکەرو پەناپێبراو، پێویستە هەوڵی شکستپێهێنانی دەوڵەت و درووستکردنی بۆشایی دەسەڵات و ئەمنی و باڵادەستی دۆخی هەرەج ومەرەج بدەن.
ئەگەر سەرنجێك لەباروودۆخی ئێستای کوردستانی باشوورو پەیوەندی نێوان هێزەکانی وحاڵی دام و دەزگاکانی بدەین، تارادەییەکی بەرچاو رەنگدانەوەی ئەم دوو تیۆرەیە بەئاستی جیاواز. ئەوەی ئەمرۆ لەهەولێر بینیمان، کە رووداوێکی ڕیزپەرنییەو گوزارشتە لەرقێکی قووڵ و قەیرانێکی سیاسی کراوە بەرووی تراژیدیادا، جەختکردنەوەیەکی زەقبوو لەسەر گیان ودۆخی خوود دوژمنی و ناهووشیاربوون بەئەرکە ناسینۆنالیستی و دیموکراسییەکان، واتە ئەوەی دووژمن وناحەزەکانمان دەیانەوێت پێمانیبکەن، بەپارەو تواناو خوێنی کوردی و لەسەر حسابی چارەنووس وئایندەو پرۆژەنیشتیمانییەکەمان، خۆمان بەخۆمانی دەکەین؟! هەربۆیە کاتێك چاودێری فیکری وسیاسی هووشیارو نیشتیمانپەروەری بەپەرۆش، بەیاننامە دژ بەیەکەکان وگووتاری یەکتر شکاندن و سووککردن و بەدوژمنکردن دەخوێنێتەوە، کەلە هەموو بەهایەکی نیشتیمانی وئەخلاقی بەرز وراستەقینە چۆڵن، هەست بە مەترسی و خەمێکی قووڵ وئازاردەر دەکات.
لێرەشەوە، دۆخی ئێستای باشوورو بەتایبەتیش نێوانی دووحیزبەکە، ئاماژە بە بوونی خەمساردی وبێباکییەکی سیاسی گەورە وترسناك دەکات، چونکە لەکاتێکدا جیهان وناوچەکە لەبەردەم ژانی وەرچەرخاندان، هەروەها وا بۆ ساڵێکی رەبەق دەچێت جەنگێك لەخۆرهەڵاتی ناوەراستدا لەئارادایە وئەگەری گەورە بوونیشی لێدەکرێت، دەوڵەتانی ناوچەکەش هەریەکەو بەجۆرەها شێوە لەخەمی ئەوەدان لەئاگری جەنگەکە بەدووربن، پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانیان بکەن، لانی کەم بەکەمترین زیان لەم بارودۆخە دەربچن، ئێمەی بەرجەستە لە نووخبەی حیزبیی دەسەڵاتدار، لەگەڵ ئەوەی کەخاوەنی دەوڵەت نین و سەروەری دەرەکیمان نییە، بەوەش خودان پارێزبەندیی نێودەوڵەتیی نین، توانای مانۆڕمان سنووردارە، جەنگ وگۆرانکارییەکان لەیەککاتدا هەڵگری هەرەشەو مەترسی و دەرفەتن بۆمان، کەچی بەدانپیانانی خۆیان، لەرۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری پارەوە، واتە لەورۆژەوەی جەنگی غەززەی تێداهەڵگیرساوە، مەکتەب سیاسییەکانیان لەگەڵ یەکتر دانەنیشتوون و کۆبوونەوەی دوو قۆڵیان ئەنجام نەداوە! هیچ دەزگایەکی نیشتیمانی سەروو حیزبی کۆکەرەوەشمان نەماوە، لانیکەم توانای ئەوەی هەبێت، لایەنە ناکۆك و دژبەیەك وجیاوازەکان پێکەوە بەدەوری مێزێکدا کۆبکاتەوە، بۆئەوەی هیچ نەبێت، ئاڵوگۆری بیرو ڕا دەربارەی ژیان و چارەنووسی خەڵك وئاڵنگاری وهەرەشەو دەرفەتەکان لەگەڵ یەکدیدا بکەن!
بەڵکو لەوەش خراپتر، لەماوەی ساڵی رابردوودا، قەیرانی سیاسی هەرێمیان قووڵتر کردۆتەوە، متمانەی هێزەکان بە یەکتر، بەتایبەتیش دووحیزبەکە وپەیوەندییەکانیان بەرەو لاوازی زۆرترو دارووخانێکی بەردەوام رۆیشتووە!! لەجیاتی کەمکردنەوەی گرژییەکان، درووستکردنەوەی بەشێ لەپردی متمانەی رووخاوی نێوانیان، تەریبکردنی هەڵویستە سیاسییەکانیان لەمەر پرسە نیشتیمانی وگەورەو چارەنووسسازەکان، درێژە بە گەمە بچووکەکانی خۆیان دەدەن! زۆربەی توواناکانیان لەململانێ و دەستشکاندنەوەی یەکتردا بەفیرۆ دەدەن! لەوەش زیاتر، لەوکاتەی کە میللەتەکەیان لەسۆنگەی سەرنەکەوتوویی حوکمرانی ئەوان و درێژە کێشانی ناکۆکی و گەندەڵی چەندین ساڵەی نێوانیان، بەدەست قەیرانێکی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لەئێستاشدا مووچە خۆرەکانی دوو مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە، قەیرانە سیاسییە کە قوڵتر دەکەنەوە، وبەوەش هێندەیتر سەرودڵی رۆڵەکانی ئەم میللەتە دەگرن و تاڵاوی هەستکردن بە سووکایەتی و حەسرەتیان پێدەنۆشن.
زۆر بەکورتی، ئەوەی ئەمرۆ لە هەولێربینیمان، کەئاماژەیە بەرۆحییەت وگووتارو عەقڵییەتێکی زاڵی رەگداکووتراوی دەیانساڵەی نێوان دووحیزبەکە، کەسەرجەم هێزەکانی تر و کۆمەڵگەشی خستۆتە ژێر سێبەری کاریگەرییەکانی خۆیەوە، ئاماژەیەکی خەمهێنەری پووکانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی وبەهاکانی پێکەوە ژیانی نەتەوەیی دامەزراویانە و شکستی پرۆسەی گەل ونیشتیمانسازی لە سی ساڵی رابردو و دۆخی خوود دوژمنی و شەرەگەرەکی سیاسی و بۆشاییەکی کوشندەی سەرکردایەتی نیشتیمانییە.
بەجۆرێك گەلێك بییەوێت بەدەستی خۆی، خۆی برووخێنێت و لەشکۆی خۆی کەمبکاتەوەو نەیارانی بەخۆی خۆشبکات، بەوجۆرە دەکات کە ئەمرۆ بینیمان و رۆژانە بەشێوازی جۆراو جۆر گووزاشت لەخۆی دەداتەوە.