ئیسرائیل داوای یارمەتی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووە کە ڕێگەنەیەن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت .
ڕێکخراوی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی نیسان لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕوو ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی لە لایەن دادگای نێەدەوڵەتی لاهایەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە و سەرۆکی گشتی سوپای ئەو وڵاتە هێرزی هالێڤی، دەربچێت بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە جەنگی کەرتی غەزەدا.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ بووە بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە زۆر بە گرینگیەوە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە باسی بکرێت.
بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی رێبەرانی پلەبەرزی ئیسرائیل بوونی هەیە، بە هۆی دروستکردنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەزە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کەسانی مەدەنی و پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە یاسا نێودەوڵەتییەکان .
هاوکات پێشێلکردنی ئاشكرای کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ لە لایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بۆتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر بە نیگەرانییەوە لەم پرسە بڕوانن.
رۆژنامەی عێبری " معاریۆ" ش لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بەر بە دەرکردنی ئەو بڕیارە بگرێت و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز، بە تایبەت بەرپرسانی ئەمریکی، بۆ ڕێگەگرتن لێی.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم ملیۆنێک و 700 هەزاریان. ملیۆنێک و 100 هەزار کەس لەو کەرتە برسین. رۆژانە کەرتی غەززە پێویستی بە 500 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە رۆژانە تەنیا 125 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتەکە.