عەبە شێت؛ ئەو پیاوەی هەموو دوعاکانی هاتنە دی

بەرنامەکان

1 أيلول 2024

79جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵا هەڵەبجەیی، پیاوێکی سادە و خۆشمەشرەب، کاتێک قسەی دەکرد، هەمیشە حیکمەتێک لە پشتی قسەکانییەوە هەبوو، ئەگەرچی خواردنەوە کحولییەکانی دەخواردەوە، بەڵام هەر گوێی لە بانگ دەبوو دەستی بەرزدەکردەوە و دوعای دەکرد و دوعاکانیشی سەیر گیرابوون.

ئەو لە ڕۆژگارێکدا کە مووچە هیچ کێشەی نەبوو، دەستی ڕووەو ئاسمان بەرزکردەوە و وتی خودایە وەک ٩١مان لێ بکەیت، خەڵکەکە وای ليهاتووە قەراغی نان دەگريت و ئيمە لە خۆمان بایی بووین.

بەردەوام دوعای دەکرد، وەک ئەوەی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ خودای گەورەدا هەبێت، بە زمانێکی سادە دەیوت خودایە ڕسقی دەوڵەمەندەکان بدە، هەژارەکان بە وەزعەکە ڕاهاتوون.

توڕە بوو، دەیوت ڕووی ئەوە ڕەش بێت کە حەزدەکات خەڵک هەیبێت و خۆی لات بێت.

ئەو ژیانێکی سەختی دەگوزەران، لە سەرمادا لە سەرقەبرانەکان دەخەوت خۆی نەیدەشاردەوە لە پشیلە و سەگ دەچێت هێندە لەسەر شەقامەکان ماوەتەوە، بە ڕوونی باسی جیاوازی چینایەتی دەکرد و  بەتوڕەییەوە دەیوت من نەباوکم دەوێت، نە هەرێمم دەوێت و نەحکومەتی وا خوێڕیم دەوێت، من پارەی هۆتێلم پێ نییە، ئەو لە تەبەقەی ئاسمان لەلای خودا ڤێلای هەیە.

 لە هەڵەبجە دۆخێکی سەیر هەیە، بە چەندین کەس دەوترێت بەخشراو یان شێت، کەچی لە ڕاستیدا قسەکانی ئەوان پڕە لە فەلسەفە و ڕوانینێکی قوڵ، مەحمود هەڵەبجەیی کە بە ئازیز گیان ناسراوە، یەکێکە لەوانەی هەمیشە بە هێمنی دەدوێت و مەعریفەیەکی قوڵ لە پشتی قسەکانیەوەتی، ئاخر ئەمە چ شێتێکە کە بە ڕوونی وتی من ڕاپەڕینم لە گیرفانی بەرپرسەکاندا بینی، ئاخر دەگونجێت کەسێک هەمیشە بۆچوونەکانی بە وتەکانی پێغەمبەری ئیسلام د.خ دەوڵەمەند بکات، پێی بوترێت بەخشراو و شێت.

عەبدوڵا هەڵەبجەیی کە ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبوو ناسراوترین ئەو کەسانەیە کە خەڵک کاتێک دەژیان بە شێتیان دەزانی و دواتریش خەڵک تێگەیشتن کە ئەو نەک شێت نەبووە، بەڵکو حیکمەت و دانایی لە پشتی قسەکانییەوە هەبوە.

ئەو خۆشەویستی هەمووان بوو، لە کۆتاییەکانیدا هەرچییەکی بخواردایە کەس پارەی لێ وەرنەدەگرت، بەڵکو هەموان گوێیان لە وتە پڕ حیکمەتەکانی و بەسەرهات و نوکتە سەیر و سەمەرەکانی دەگرت و قاقا لە گەڵیدا پێدەکەنین، کاتێکیش لێیان دەپرسی بۆ ئیش ناکەیت، دەیوت باوکم وەسێتی بۆ کردووم، پیاو نابێت وەسێتی باوکی بشکێنێت، باوکم وەسێتی کردوە  ماڵی خەڵک بە هیخۆم بزانم و ئینسانیش دەبێت گوێڕایەڵی باوکی بێت.

ئەوەی زۆر پێی دەناسرێتەوە دواین دوعای بوو، کاتێک ڕووی کردە ئاسمان و وتی خوایە تو ئەو بانگی ڕەسوڵوڵایە ئەم وەزعەمان لێ تێک بدەیت، ئەم خەڵکە لە خۆی گۆڕاوە و قەراغی نان لێ دەکەنەوە.

کەچی وەک ئەوەی دووعاکەی ئەو گیرا بووبێت، ناڕەحەتی ڕوویکردە هەرێم و خەڵک بەچەندین مانگ چارەکە مەعاش و نیو مەعاشی وەردەگرت.



ئەو زوو دەیوت نەوتی خۆتان بە نهێنی مەفرۆشن و با بەغدا ئاگادار بێت و مەیدەن بە بێگانە، ئێمە عێراقین و با لەگەڵ عێراق ڕێکبکەوین تا مووچەی خەڵک بنێرێت و وڵات ئاوەدان بێت و داوای لە هەموو حزبەکان دەکرد یەکگرتوو بن و
 هەر بۆیە کاتێک لە ڕووداوێکی تەمومژاوی هاتووچۆدا کۆچی دوایی کرد هەموان دەیانوت ئەو لەسەر قسەکانی شەهید کراوە.