جەبار یاوەر بۆ هاوڵاتی: تورکیا دەیەوێت تا قووڵایی 40 کیلۆمەتر بێتە خاکی عێراقەوەو تا هاوینی داهاتوو شەڕی یەکلاکەرەوە بکات

کلتور

29 نيسان 2024

40جار خوێندراوەتەوە
فەریقی یەکەم «جەبار یاوەر» پسپۆری بوارەکانی سەربازی و ئەمنی  لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت بە «هاوڵاتی» تیشکی خستەسەر ئەگەری هێرشی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و قەندیل.
هەروەها لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا باس لەهۆکارەکانی بێدەنگبوونی حکومەتی فیدراڵی عێراق لەبەرامبەر ئوپراسیۆنەکانی تورکیاو ئەگەری رێکەوتنێکی ژێربەژێری تورکیاو عێراق  سەبارەت بەهێرش و ئوپراسیۆنەکانی ئەو وڵاتەو ئەگەری گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو قووڵایی خاکی تورکیا لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەکات.
هاوڵاتی: ئایا تورکیا بەبێگوێدانە یاساو رێسا نێودەڵەتییەکان دەتوانێت هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی وشکانی بکاتەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچەکانی سلێمانی و شنگال بەبیانووی لەناوبردنی پەکەکە؟
جەبار یاوەر: هەتا ئێستا تورکیا هیچ گوێی نەداوەتە یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ هێرشکردن بۆ ناو خاکی عێراق لەهەرێمی کوردستاندا، لەبەرئەوەی لە 2007ەوە تاکو ئێستا بەبیانووی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەدیوی سنووری عێراق یان لەسەرتاسەری سنوورەکانی عێراق و تورکیا هێرشی خۆی دەکات و بەردەوام پشت دەبەستێت بەیاسایەکی نێودەوڵتی کەگوایە رێدەدات بەدەوڵەتان پارێزگاری لەوڵاتی خۆیان بکەن و تەنیا پشت دەبەستێت بەو بڕیارەی کەساڵانە پەرلەمانی تورکیا مۆڵەت دەدات بەهێزە چەکدارەکانی تورکیا کە لەودیو سنوور بۆ پاراستنی ئەمنییەتی تورکیا کردەی سەربازی ئەنجام بدەن دژی ئەو دوژمنانەی کەئەوان خۆیان دەستنیشانی دەکەن، لەبەرئەوەیە تورکیا گوێی نەداوەتە ئەو شتانەو بەبەردەوامی هەروەک باسمکرد بەیاساکانی نێودەوڵەتی یان گوێی نەداوەتە ئەوەی کە رەزامەندی وڵاتانی چواردەورو ئەو وڵاتانەی کەپرۆسەی سەربازی تیایاندا ئەنجامدەدات وەربگرێت، بەبەردەوامیش پرۆسەی سەربازی هەم لەئاسمانەوەو هەم لەئەرزەوە، بەهۆی فرۆکەی جەنگی و فرۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی پیادەوە ئەنجامداوە، هەم لەناو خاکی سوریا هەم لەناو خاکی عێراق لەهەرێمی کوردستان، ئێستاکەش تورکیا بەدرێژایی 200 کیلۆمەترو لەهەندێ ناوچەش بەقوڵایی 10 کیلۆمەترو لەهەندێ ناوچەی دیکەش بەقوڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر بنکەو سەربازگەی هەیە لەناو خاکی عێراق لەهەرێمی کوردستاندا کە بەخۆی بڵاویدەکاتەوە لەسەر نەخشەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە تائێستا نزیکەی 87 بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، کەیەکێک لەو بنکانە نزیک باشیقە کە لەنێوان 80 تا 100 کیلۆمەتر لەسنووری تورکیاوە دوورەو فرۆکە جەنگییەکانی و فرۆکە بێفرۆکەوانی جار هەیە 300 کیلۆمەتر دێنە ئاسمانی عێراق و ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن، هەندێک جار لای پێنجوێن و هەندێک جار لای سلێمانی و هەندێک جار لای کەرکوک و هەندێک جاری تریش لەناوچەکانی کفری.
هاوڵاتی: گەر هێرشێکی بەو جۆرە رووبدات ، بەڕای جەنابتان کاردانەوەی ئەمەریکا لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە چی دەبێت؟
جەبار یاوەر: سەبارەت بەپرسیاری دووەم هەروەک وتم لە 2007 ەوە تاکو ئێستا تورکیا بەبەردەوامی پرۆسەی سەربازی لەئاسمان و لەئەرزەوە ئەنجامدەدات لەناو خاکی عێراق و لەناو خاکی تورکیاش بەهەمانشێوە، بەڵام تائێستا هیچ کاردانەوەیەکی نە ئەمەریکی نە ئێرانی تەنانەت خودی عێراقیش کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە، جار جارێک لەلایەن وەزارەتی دەرەوە  بەیاننامەیەکی دەرکردووە  یان لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، بەڵام تاکو ئێستا بەشێوازێکی فەرمی نە لەلایەن عێراقەوە شکایەت کراوە نە داواکراوە کەچیتر ئەو پرۆسە سەربازیانە ئەنجام نەدا کە رۆژانە ئەو پرۆسانەی کە ئەنجامدەدرێت لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە بەپێی ئەحداسیات کام شوێن پرۆسەیەکی تیا ئەنجام دراوە یان کام شوێن بۆردومان کراوە بەشێوەیەکی ورد، هەموو زانیارییەکان دەنێردرێت  بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەدرێت بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و دەدرێت بەفەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ.
هاوڵاتی: ئایا بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی سنووری سلێمانی تاچەند ئەو هەڕەشانەی تورکیا بەمەترسییەکی راستەقینە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی ئەم زۆنەو ئایا لەو بارەیەوە هیچ ئامادەسازی یاجووڵەیەکی سیاسییان ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لەئەگەری هەر هێرشێکی بەو جۆرە؟
جەبار یاوەر: سەبارەت بەم پرسیارە لەئێستادا من لێپرسراو نیم، من فەریقی یەکەمی خانەنشینم و وەکو پسپۆرێکی سەربازی و ئەمنی وەڵام دەدەمەوە، ئەو پرسیارە دەتوانی ئاراستەی لێپرسراوانی باڵای سیاسی و سەربازی بکەیت لەسلێمانی کەئایا هەڵوێستی ئەوان چۆنە بەرامبەر ئەو بابەتە، واتە بابەتی هێرشی بەردەوامی تورکیاو ئۆپراسیۆنی بەردەوامی تورکیا کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامیدەدات، بەڵام بێگومان ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەم بەبەردەوامی سنوورەکانی تورکیاو عێراق و لەئێستاشدا تەنانەت سنوورەکانی عێراق ئێرانیشی گرتووەتەوە، چونکە زۆرجار فرۆکەی جەنگی تورکیا لەگەڵ فرۆکەی بێفرۆکەوان سنوورەکانی عێراق و ئێرانیش بۆردومان دەکەن بەبیانووی بوونی بارەگای چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە، بێگومان بەردەوامی ئەم بابەتە دەبێتە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیری ئاسایش لەو ناوچانەو چۆڵکردنی زۆربەی گوندەکانی سنوورو هاتنیان بەرەو شارەکان و جێهێشتنی مەزرا و باخ و ماڵ و خانووی خۆیان لەو ناوچانەو شەهیدبوونی خەڵکی مەدەنی و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی ناوچەکەو سووتاندنی هەرچی دارو درەخت و کێوی ئەو ناوچانەیە، هەروەها نەتوانینی ئاژەڵدارەکان بەهاوینان و بەبەهاران کەوەکو رەوەند دەچنە ئەو ناوچە کیویانە کە بڕۆن بۆ لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتیان لەو ناوچانە، ئەمانە هەمووی هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو پەلامارەی کە بەبەردەوامی لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەکرێتە سەر ئەو ناوچانە.
هاوڵاتی: گەر ئەو هێرشە زەمینییە بەرفراوانە رووبدات ئەوا کاردانەوەی بەغداد چی دەبێت بەڕای جەنابتان؟ ئایا وەک هەمیشە تەنها بەدەرکردنی بەیاننامەیەک و شکایەتێک لەئەنجومەنی ئاسایش ئیکتیفا دەکات یان هێز دەجووڵێنێت؟
جەبار یاوەر: دیارە تائێستا من نازانم ئەگەر ئەو هێرشە فراوانە بکرێت ئایا کاردانەوەی بەغداد چی دەبێت، بەڵام وەکو رای خۆم وەکو باسمکرد لە 2007 ەوە هەتاکو ئێستا بەبەردەوامی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەخاکی عێراق و جگە لەوەش لەئاسمانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەئاسمانی عێراق دەکرێت و پێشێلکاری سەوەری عێراقە، بەڵام تائێستا عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە دژ بەو کارانەی کەتورکیا دەیکات و تائێستا هیچ شکایەتێکی نەبووە لەهیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی ئەو پرسە بجوڵێنێت، دیاریشە تورکیا لەئێستادا هەوڵێکی زۆر دەدات بەتایبەتیش لەم ماوەیەی دواییدا کەوەزیری بەرگری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی تورکیاو بڕیاریش وایە ماوەیەکی تر سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان سەردانی عێراق بکات و دیارە دەیانەوێ رێکەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەو رێکەوتنە ئەمنییەی کە لەنێوان عیراق و ئێراندا هەیە لەنێوان عێراق و تورکیاش مۆر بکرێت بەمەبەستی هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر.
هاوڵاتی: گەر هێرشێکی بەو جورە رووبدات ئەوا کاریگەرییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی چی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەی سلێمانی بەتایبەتی؟
جەبار یاوەر: بێگومان ئەگەر ئەو هێرشە فراوانە بکرێت و بگاتە ناوچەکانی سنووری سلێمانی و بەتایبەتی ناوچەکانی قەندیل و لەولاشەوە بگاتە سنوورەکانی ناوچەی شنگال، بێگومان ئەو کاریگەریانەی کە باسمکرد پێشتر لەسەر هەلومەرجی ئەمنی گشتی لەهەرێمی کوردستان و چۆڵکردنی گوندەکانی سەرتاسەری سنوورو سووتاندنی رەزو باخ و کێوەکانی ئەو ناوچانەو ناسەقامگیری ئەمنی گشتی لەناوچە سنوورییەکان بێگومان زیاد دەبێت، چونکە دەبێتەهۆی بەردەوامی شەڕ لەو ناوچە سنوورییانەداو ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی.
هاوڵاتی: دەنگۆی ئەوە هەیە کەتورکیا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا سەبارەت بەهێرشەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ژێر بەژێر رێککەوتووە، بەڕای جەنابتان  ئەم دەنگۆ یان ئەگەرە تاچەند راستە؟
جەبار یاوەر: هەتاکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی عێراق بەپێی روونکردنەوەی زۆربەی لێپرسراوانی باڵای حکومەتی عیراقی، چ فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی عێراق، چ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان، چ وەزارەتی بەرگری عێراق، چ سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی عێراق، چ وەزارەتی دەرەوە، دەڵێن ئێمە هیچ رێکەوتنێکمان نییە لەگەڵ تورکیا بۆ هاتنە ناوەوەی خاکی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەخاکی عێراق، یان ئەو ئوپراسیۆنانەی کە ئەنجامی دەدەن لەسنوورەکان و لەناو خاکی عێراق لەئاسمان و لەئەرزەوە، بەڵام بێدەنگبوونی عیراق گومان دەخاتەسەر ئەوەی کە رەنگە رێکەوتنێکی ژێربەژێر هەبێت، ئەگەر رێکەوتنی ژێر بەژێریش نەبێت ئەوا هەر وادەکات کە رێکەوتن هەبێت، چونکە عێراق بێدەنگەو وەکو باسمکرد ئێستا تورکیا دەیەوێ بەفەرمی بگاتە رێکەوتنێک لەگەڵ عێراقدا کە رێکەوتنێکی ئەمنی بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئوپراسیۆنانەی کە لەناو خاکی عێراقدا ئەنجامی دەدات.
هاوڵاتی: لەڕوودانی هێرشێکی بەم جۆرە ئایا پەکەکە هێرشەکانی دەباتە ناو قووڵایی خاک و شارە گەورەکانی تورکیاو دامەزراوە گرنگەکانی ئەو وڵاتە بەئامانج دەگرێت؟
جەبار یاوەر: دیارە دەبێت پرسیار لەپەکەکە بکرێت، چونکە من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی کەهەیە ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع، بەبەردەوامی ئێستا شەڕەکان کەوتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، یەعنی ئێستا شەڕەکانی هێزەکانی پەکەکە لەگەڵ تورکیا زیاتر لەسەر سنووری تورکیا و عێراقەو لەناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەو وەکو ئەوەی کەبڵاودەکرێتەوە لەلایەن پەکەکەوە کردەی سەربازی لەقووڵایی خاکی تورکیا کەمبووەتەوە، چونکە تورکیا هەوڵیداوە کۆنترۆڵی سنوور بکات، بەتایبەتی بەو هێزانەی کەهێناوێتییە ناو خاکی عێراقەوە لەهەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە دیواربەندییەک دروستبکات لەسەرتاسەری سنوورەکان بۆ ئەوەی نەهێڵێت هێزەکانی پەکەکە بچنە ناو قووڵایی خاکی تورکیاو لەواقعدا بەحەقیقەت ئەوەی کەدەبینرێت و ئەوەی کەبڵاودەکرێتەوە کە چالاکی سەربازی پەکەکە لەناو قووڵایی خاکی تورکیا زۆر زۆر کەمبووەتەوە بەهۆی ئەوەی وەکو وتم مەشغوڵ بوونی هەموو هێزەکانی خۆی لەدیوی هەریمی کوردستان بەشەڕ لەگەڵ هێزەکانی تورکیاو بۆ ئەوەی کە تورکیا بەبەردەوامی فرۆکەی بێفرۆکەوان لەسەر سنوورەکانی تورکیاو عێراق دەجۆڵێتەوەو دواییش بەسەر بارەگاکانی هێزەکانی پەکەکە دەسوڕێتەوە کە وایکردووە جموجۆڵی زۆر بەرتەسک بکاتەوە، جموجۆڵی سەربازییان بەتایبەتی .
هاوڵاتی: ‌ئامانجی ‌ئەم جارەی سوپای تورکیا بۆ هێرشکردنە ناو قووڵایی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەخوێننەوە؟
جەبار یاوەر: لەگەڵ ‌ئەوەی تائێستا سوپای تورکیا بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر خاکی عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەڕێی ‌ئاسمانی‌و زەمینییەوە لەڕێی فرۆکەو فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە، سوپای تورکیا دەیەوێت دوای ئۆپراسیۆنی چنگی قفڵ،  ‌ئەمجارە بەقووڵایی ٤٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراق‌و هەرێمەوەو تا هاوینی داهاتوو شەڕی یەکلاکەرەوە بکات.