د.یوسف محەممەد بۆ هاوڵاتی: دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتی بەردەوام بێت قەوارەی هەرێم دەڕووخێت

کلتور

29 نيسان 2024

37جار خوێندراوەتەوە
دیداری: سیروان حەمەڕەشید
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەخولی چوارەم، سەبارەت بەچەند پرسێکی تایبەت بەهەرێمی کوردستان و شێوازی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی دەڵێت، حوکمڕانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار شکستیخواردووەو درێژەپێدانی دەبێتە هۆی «رووخانی قەوارەی هەرێم»، دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە لەبۆشایی سیاسیدایە کەکاتێک ئەو سەرۆکی پەرلەمان بوو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، پەنای برد بۆ هێزو پەرلەمانی داخست.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمان باس لەوەش دەکات ، ئەوەی هەرێمی بەرەو لاوازی بردووە لەچەندساڵی رابردوودا لەبەرامبەر بەغدا «قوماری گەورەی وەک ریفراندۆم و بانگەشەی ئابوریی سەربەخۆ بوو کە نەک هەر نەبوونە هۆی سەربەخۆیی سیاسی و ئابوریی هەرێم، بەڵکو بوونە هۆی لەدەستدانی نزیکەی نیوەی خاکی کوردستان.» ئەو متمانەی بەوەش نییە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەشوباتی ٢٠٢٤ گۆرانکاری دروستبکات و دەڵێت کێشەکان قووڵتردەکاتەوە.
لەوەڵامی ئەوەی ئاخۆ لەهیچ کارێکی سیاسی پەشیمان نییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، یوسف محەممەد دەڵێت، «هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە کە لەماوەی دەستبەکاربوونم لەناو گۆڕان و تاکۆتایی ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لێی پەشیمان بم» بەڵام نایشارێتەوە کە ئەگەر وەک ئێستا بیری بکردایەتەوە ئەوا دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وازی لەگۆڕان دەهێنا چونکە «کۆمەڵێک ململانێی ناخۆش و قێزەون لەناو گۆڕان هاتنە کایەوە کە بەداخەوە پریشکی چەپەڵی بەر ئێمەش کەوت.»
ئەو دەشڵێت، نابێتەوە ئەندام لەهیچ حزبێکدا چونکە پێیوایە «لەئێستادا هیچ جوڵانەوەیەکی سیاسیی نییە کە بگونجێ لەگەڵ بیرو باوەڕو شێوازی کارکردنی ئێمە.»
دەقی چاوپێکەوتنەکەی هاوڵاتی لەگەڵ د.یوسف محەممەد.
هاوڵاتی: بەڕێزتان دەزانن پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لەسەر بەرژەوەندی حزبییەکانیان لەململانێ و ناکۆکی قوڵدان و هەروەها لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیشدا لەسەر بودجەو موچەی فەرمانبەران نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی بنچینەیی، لەکاتێکدا دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم ئاڵوگۆڕی سیاسیدایە، پێتانوایە چارەنووسی هەرێم بەرەو کوێ دەڕوات؟
یوسف محەمەد: وەک پێشتریش لەوتارێکدا ئاماژەمان پێدا (کۆتایی رژێمی حوکمڕانیی پاش راپەڕین..) ئەم شێوازە حوکمڕانییەی ئێستای هەرێم کە لەپاش راپەڕینەوە هاتۆتە کایەوە، بەتەواوی شکستی خواردووەو، هەر هەوڵێک بۆ درێژەپێدانی دەبێتە هۆی کێشەی گەورەتر بۆ هەرێم و تەنانەت رووخانی قەوارەی هەرێم. چونکە ئەم رژێمەی ئێستای هەرێم، پایە سەرەکییەکانی دروستبوونی لەدەستداوە کە بریتیبوون لەدژ وەستانەوەی خەڵکی کوردستان بۆ حوکمی پێشوی عێراق و تینویەتییان بۆ حوکمی خۆماڵی، پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد لەباشوری کوردستان. ئێستا شکستی پارتی و یەکێتی لەهێنانەکایەی حوکمڕانییەکی سەردەمییانەی دادپەروەری سەرکەوتوی خەڵکسالار لەهەرێمی کوردستان، وایکردووە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕوایان بەم حوکمڕانییە نەمێنێ، بۆ نموونە بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا نەکەن، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەشێکی زۆری هاووڵاتیانیان بەکوردبوون کافر کردو لێی رادەکەن. لەهەمان کاتیشدا وایانکرد کە دۆستەکانمان لە (کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی) بەردەوام رەخنەبگرن لەم شێوازە حوکمڕانییەو تەنانەت داهاتووی هەرێمیان بەلاوە گرنگ نەمێنێ.
بۆیە بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین کەدرێژەدان بەو شێوازە لەحوکمڕانییە دەسەڵاتگەرە پۆلیسییە خێزانییە نادیموکراسییەی هەرێم، بەردەوام لەناوەوەو دەرەوەی لاوازتری دەکات تا ئاستی رووخاندنی.
هاوڵاتی: تا دێت حکومەتی ناوەندی گوشارو هەواڵەکانی بەئاڕاستەی لاوازکردن و بچوککردنەوەو کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، پێتانوایە ئەو سیاسەتەی بەغداد لەبەرامبەر هەولێر تاکەی بەردەوام دەبێت؟
یوسف محەمەد: گومانی تێدا نییە کەئێمە لەباشوری کوردستان، هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراقەوە کێشەمان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و خەڵکی کوردستان لەقۆناغە جیاوازەکان بەشێوازی جیاجیا خەباتیان کردووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانیان.
لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، زیاتر لەهەر کاتێکی تری مێژووی سەد ساڵی ئێمەو تەنانەت زیاتر لەهەر پارچەیەکی تری کوردستان، مافەکانی گەلی کورد لەدەستوری عێراقدا دانی پێدانرا، هەرچەندە ئەوکاتەش ئەگەر ناکۆکیی پارتی و یەکێتی نەبوایە دەتوانرا مافی زیاتر بەدەست بهێنرێ، بۆ نموونە لەیەکلا کردنەوەی کێشەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر.
ئەوەی هەرێمی لەبەرامبەر بەغدا بەردەوام بەرەو لاوازی برد، شکستی حوکمڕانیی هەرێم و ئەنجامدانی قوماری گەورەی وەک «ریفراندۆم» و بانگەشەی «ئابوریی سەربەخۆ» بوو کە نەک هەر نەبوونە هۆی سەربەخۆیی سیاسی و ئابوریی هەرێم، بەڵکو بوونە هۆی لەدەستدانی نزیکەی نیوەی خاکی کوردستان و دەسەڵاتە دیفاکتۆکانی هەرێم و ئابورییەکەشی کردە ئابورییەکی کرێخۆری وابەستە بەنەوت و وابەستە بەتورکیاو دواجاریش هەرەسهێنانی بەگرتنەوەی قوفڵی بۆریی نەوتەکەی لەڕێی بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانیی پاریس. راستە لەبەغداش بەشێکی دەستەبژێری سیاسی بۆ بازاڕگەرمی بانگەشەی لاوازکردنی هەرێم و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەکەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەر ئەوانە لەگەڵ ئەو هێزانەی هەرێم کە تادوێنێ بانگەشەی تەڵاقدانی عێراقیان دەکردو ئێستاش بەردەوامن لەپڕوپاگەندەی دژە عێراقی لەناوخۆ، ئەمانە هەردوولایان لەهاوپەیمانێتیدان بۆ ئیدارەدانی عێراق! ئەمانە هەردوولایان بەپڕوپاگەندەی دژ بۆ دەنگدەرانیان یەکتر تەواو دەکەن و خزمەت بەیەک دەکەن و دواجاریش بێشەرمانە پێکەوە هاوپەیمانی پێکدەهێنن!
هیچ دەوڵەت و کیانێکی سیاسی نییە لەدنیادا کە مەترسیی دەرەکیی لەسەر نەبێ بەزلهێزترین دەوڵەتانی دنیاشەوە (بۆ نموونە ئەمریکا)، بەڵام ئەوەی لەمەترسییە دەرەکییەکان دەتپارێزێ، تۆکمەیی ناوخۆیی و دروستکردنی دامەزراوەو پشتبەستنە بەمەعریفە لەحوکمڕانی و ئیدارەو پێشخستنی کۆمەڵگاو ئابوری و دروستکردنی سوپای نیشتیمانی و پێشخستنیەتی.
ئەوەی هەرێمی بەرامبەر بەغدا و دەرەوە لاواز کردووە، ناوخۆیەتی و بێ هێنانەکایەی سیستمێکی حوکمڕانیی نوێ لەهەرێمی کوردستان، هاوسەنگی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ ناگەڕێتەوە.
هاوڵاتی: لەدیدی بەڕێزتانەوە هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت رووبەڕووی ئەو ئاڵنگاری و مەترسییە دەرەکیانە ببێتەوە؟
یوسف محەمەد: هەرێمی کوردستان بەوەلانانی ئەم رژێمە حوکمڕانییە شکستخواردووە و هێنانەکایەی سیستمێکی حوکمڕانیی نوێ دەتوانێ رووبەڕووی ئاڵنگاریی و مەترسییەکانی سەری ببێتەوە. کۆتایی هێنان بەحوکمڕانیی پشتبەستو بەهێزی چەکدارو ئەمنیی حزبی و شەخسی، ئابوریی کرێخۆرو پڕ لەگەندەڵی و وابەستە بەنەوت بێ دیاربوونی داهاتەکەی، پشتبەستن بەخولیا و خەیاڵ و ئارەزوی کۆمەڵێک کەس و کوڕو نەوەکانیان کە تائێستاش پشت بە رەوایەتیی خەباتی شاخ دەبەستن لەبری پشتبەستن بەحوکمی دامەزراوەیی سەردەمیانە، دابەشکردنی نادادپەروەرانەی داهات و هەڵتۆقینی چەندین سیاسیی بازرگان و بازرگانی سیاسی کەپێشتر خاوەنی هیچ نەبوون و ئێستا لەڕیزی ملیاردێرەکانی جیهانن لەکاتێکدا بەشێکی زۆری گەنجان بەدەست بێکاری و بێدەرامەتییەوە دەناڵێنن، کۆتایی پێهێنانی ئەم رژێمە بەهەموو هاوکێشەکانی پشتییەوەو دروستکردنی سەرلەنوێی سیستمێکی حوکمڕانیی نوێ کەپشت ئەستوربێ بەشەرعییەتی دیموکراسی و دەنگی هاووڵاتییان و ئامانجی بریتی بێ لەدەستەبەرکردنی چاکەی گشتی و رەزامەندیی هاووڵاتییان، سیستمێک کەسوپای نیشتیمانی و گشتگیر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دروستبکات و ئامانجی پاراستنی هەرێم بێ نەک حزب و خێزانە دەستڕۆشتووەکان، سیستمێک کەئابورییەکی فرە سەرچاوەو شەفاف بەسیستمی بانکی و دادپەروەر لەدابەشکردنی داهات بهێنێتە کایەوە، سیستمێک کەیاسا سەروەر بکات و دادگاکان و بڕیارەکانیان بخاتە سەروو هەموو کەس و دەسەڵاتەکانەوە، سیستمێکی ئاوا هەرێم لەناوەوە بەهێز دەکاتەوەو پشتگیریی هاونیشتیمانیان بەدەست دەهێنێتەوەو پشتگیریی نێودەوڵەتیش بەدەست دەهێنێتەوە، لەبەرامبەر دەرەویدا بەهێزی دەکاتەوەو دەتوانێ جۆری پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەغدا بگۆڕێ بۆ پەیوەندییەکی هاوسەنگی یەکتر تەواوکەر لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنییەوە. رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و مەترسییەکانی دەرەوە بەچارەسەری ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان دەستپێدەکات.
هاوڵاتی: هەرێمی کوردستان ماوەیەکە پەرلەمانی نەماوەو حکومەتی هەرێمش کاربەڕێکەرە، واتە هەرێم بەبۆشایی یاسایی و ئیداریدا گوزەر دەکات، بەڕای بەڕێزتان لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو بۆشاییە لەسەر هەرێم چی دەبێت؟
یوسف محەمەد: هەرێمی کوردستان لەزووەوە لەبۆشایی دامەزراوەییدایە. هەر ئەوکاتەی لەبری پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسی و حزبییەکان پەنا بۆ چەک براو شەڕی ناوخۆ دروستبوو، هەر ئەوکاتەی بۆ درێژەدان بەمانەوەی لەکورسیی دەسەڵات، کەسێکی وەک بارزانی پەنای بۆ هێز برد بۆ داخستنی پەرلەمان، هەر ئەوکات دامەزراوەکانی هەرێم بێنرخ کران و بوون و نەبوونیان وەک یەکی لێهات. بەڵام داخستنی ئەم جارەی دەرگای پەرلەمان بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، زەنگی کۆتایی هاتنی شەرعییەتی کۆی ئەو رژێمە حوکمڕانییە بوو کەدامەزراوەکانی تەنها بۆ رتوشی حوکمڕانییەکی پشت ئەستور بەچەک بێ ئەرزش کردبوو.
ئیتر سەردەمەکە بەتەواوی گۆڕاوەو هەروەک چۆن ئەم بۆشاییە دامەزراوەییەی ئێستا مەترسیدارە، گەڕانەوە بۆ دامەزراوەی شکڵی و رتوشیش نە شەرعییەت دروست دەکاتەوەو نە هەرێم لەمەترسییەکان دەپارێزێ.
هاوڵاتی: بەڕێزتان لەدادگای باڵای فیدراڵ سکاڵاتان لەسەر ماوەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد ، بەهۆی بردنەوەی داواکەتان دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دا، ئایا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە کاریگەری خراپ و دەرهاویشتەی نەرێنی لەسەر پێگەی هەرێم دانەناوە؟
یوسف محەمەد: ئەوەی هەرێمی لاواز کردووە، لاوازیی دیموکراسی، لاوازیی دامەزراوەکانی، هەڵبژاردنی پڕ تەزویر، دواخستنی بەردەوامی هەموو هەڵبژاردنەکانە نەک بڕیاڕی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەپشتبەستن بەو داوایەی ئێمە خستمانە بەردەمی. ئەوەی لە رابردوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دەچووەسەر، ئێستا ئیتر ناچێتەسەرو هیچ خراپەکاری و نادادیی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەک ناشارێتەوەو پەردەپۆش ناکرێت. هەر بۆ نموونە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئێستا دەتوانن زیندانیکردنی ئازادیخوازانی بادینان لەدنیای دەرەوە بشارنەوەو پەردەپۆشی بکەن!؟ خۆ بۆ ئەوەش ئێمە سکاڵامان نەکردووە! .
دادگای باڵای فیدڕاڵی بەپێی ئەو دەستورەی زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمیش دەنگیان بۆدا، تەنها شوێنی تایبەتمەندە بۆ لێپێچینەوەی نادەستوری بوونی کاری دامەزراوەکانی بەغداو هەرێمیش، بۆیە ئێمە پەنای بۆ دەبەین. سەیر ئەوەیە ئەوانەی دادوەری کوردیان بۆ ئەو دادگایە پاڵاوتوە، ئەوانەی شەڕ لەسەر پۆستەکانی بەغدا لەفەڕاشێکەوە بۆ سەرۆککۆمار دەکەن، ئەوانە تانە لەوە دەدەن ئێمە بۆ لەبەردەم ئەو دادگایە سکاڵا تۆمار دەکەین!
هاوڵاتی: ئایا هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥/٢/٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت.؟ پێتوایە هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی دەهێنتە ئاراوه؟
یوسف محەمەد: بڕیارە لەو بەروارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ، بەڵام دوو رێگڕی تەکنیکی و چەندین رێگڕیی سیاسی لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد هەن؛ سەبارەت بەڕێگرییە تەکنیکییەکان یەکێکیان ئەو سێ داوایەن کە لەبەردەم دادگای فیدراڵین سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەپێویستە یەکلابکرێنەوە، دووەمیش کۆتایی هاتنی ویلایەتی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراقە لە ٧ /١ /٢٠٢٤ هەرچەندە دانانی ئەنجومەنێکی کۆمسیارانی نوێ لەعێراق بەپێی یاساکەی ئێستای زەحمەت نییەو دەکرێ لەماوەی هەفتەیەکدا ئەوە بکرێ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کەهێزە سیاسییەکانی عێراق دەیانەوێ سەرلەنوێ پێکهاتەی کۆمسیۆنەکە بگۆڕن و بیکەنەوە بەکۆمسیۆنی هەڵبژێردراوی پەرلەمان.
هەر بۆیەش بەنیازن ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێ، بۆ ماوەی سێ مانگ کۆمسیۆنی ئێستا درێژبکەنەوە تا لەو ماوەیەدا یاساکەی هەموار دەکەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێ. درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی کۆمسیارانی ئێستای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێ کێشەی دەستوری و یاسایی نابێ و رەنگە لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی تانەی لێبدرێ، چونکە بەپێی مادەی (٧/ یەکەم)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩، ماوەی ویلایەتی ئەنجومەنی کۆمسیاران (٤) ساڵە کە یارای درێژکردنەوە نییە.
بەڵام کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر ئەمانە نین، بوونی هێزی چەکدارو ئەمنی و هەواڵگریی حزبی و دابەشبوونی هەرێم بەسەر زۆنە حزبییەکان و ناکۆکیی پارتی و یەکێتی و نەمانی متمانە لەنێوانیان و لەنێوان خەڵک و ئەوان و دەسەڵاتەکانیان، لەمپەری گەورەی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جێی متمانەی ناوەوەو دەرەوەیە.
بەڕاشکاوی دەیڵێم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی هاوشێوەی جاران و بێ هاتنەکایەی گۆڕینی ریشەیی لەهەرێم، نە رەوایەتی دەگێڕێتەوە بۆ دامەزراوەکانی هەرێم، نە کێشەکانیشی چارەسەر دەکات، بەڵکو رەنگە ببێتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری کێشەکان و دابەشبوونی تەواوەتیی هەرێم لەباشترین حاڵەتدا.
هاوڵاتی: ئێستا چەندان کارەکتەرو سەرکردەو کادری سیاسی ناڕازی لەدەرەوەی هێزە سیاسییەکاندا هەیە، ئایا ئەوانە هیچ جۆرە نەخشەو پلانێکیان بۆ هەڵبژاردن و ئایندەی هەرێم هەیە؟ بەپێی هەڵبژاردنەکانی چەندساڵی رابردوو، رێژەی بەشداری دەنگدەران هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن کەمییکردووە، لەچەند راپرسییەکی ئەمدواییانەش بۆ بەشداری هەڵبژاردن ژمارەکە زۆر کەمە، بە رای تۆ هۆکاری ئەمە ئەوەیە خەڵک متمانەی بەپرۆسەی هەڵبژاردن نەماوە یان متمانەی بەهیچ پارتێکی سیاسی نەماوە گۆڕانکاری دروستبکات؟
یوسف محەمەد: خەڵک هەم بڕوای بەپڕۆسەی سیاسیی هەرێم نەماوە، هەم بڕواشی بەهەڵبژاردنەکانی هەرێم نەماوەو پێیان وایە پڕن لەگزی و ساختەکاری. لەهەمان کاتیشدا هێزە سیاسییەکانی ئێستاش بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بەشێوەیەکی گشتی بەهۆی چەندین هۆکاری بابەتی و خودی متمانەی جەماوەرییان لاواز بووە کەئەمەش لەوانەیە لەیەکێکیان بۆ ئەوی تریان زیادو کەمی هەبێ.
کاتییەتی لەگۆشەنیگایەکی ترەوە بڕوانینە چۆنیەتیی چارەسەری قەیرانە قووڵەکانی حوکمڕانیی هەرێم و بە بێهۆشکردنی کاتی و چارەکە چارەسەر رازی نەبین، چونکە ئێستا ئیتر وەک رۆژی روون دیارە داهاتووی هەرێم لە مەحەکە نەک تەنها داهاتوی دەسەڵاتەکەی.
هاوڵاتی: سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەت کاتێک وتی کە بابەتی تیرۆر لەگەڵ هەردوو حکومەت بابەتی سەرەکی بووەو سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد لەسەر «رووبەڕووبونەوەی تیرۆر»و وتیشی، «پەکەکە لەهەرێم و عێراق رادەماڵین و پاکیاندەکەینەوە؟»
یوسف محەمەد: تورکیا چەکی پەکەکە بەکاردەهێنێ بۆ رەواییدان بەداگیرکاریی و فراوانخوازییەکانی لەهەرێمی کوردستان و لە رۆژاڤاش. هەروەها دژوەستانەوەی ئەو هێزە بەکار دەهێنێ بۆ لاوازکردنی خەباتی سیاسیی کوردانی باکوریش، هەروەک دەبینن بەبیانوی پەیوەندی لەگەڵ «تیرۆر» هاوسەرۆکانی پێشوی هەدەپە و چەندین سەرکردەو پەرلەمانتاریان وا چەند ساڵە لەزیندانن. ئەمە لەکاتێکدایە کەهاوسەنگیی هێزی چەکداری دوای هاتنەکایەی درۆن بەتەواوی گۆڕاوەو ئێستا چەکی پەکەکە هەڕەشەیەکی ئەوتۆ نییە لەسەر تورکیا.
کێشەی کورد لەباکور بەشەڕ چارەسەر نابێ. تەنها چارەسەر کپکردنی لولەی تفەنگە لەهەردوو لاوەو  گەڕانەوەیە بۆ پڕۆسەی ئاشتی.
هاوڵاتی: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کێشەیەکی گەورەی بۆ حکومەتی هەرێم دروستکردووە، تۆ سەرهەڵدانی ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ بۆ بێباکی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی یاخود فشاری حکومەتی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ؟
یوسف محەمەد: هەر لەسەرەتاوە وابەستەکردنی ئابوریی هەرێم بەنەوت و هەروەها وابەستەکردنیشی بەتورکیا بە «رێکەوتنی پەنجا ساڵە» بەناوی «ئابوریی سەربەخۆ»وە هەڵە بوو. سەربەخۆیی ئابوری بەنەوت نایەتەدی بەتایبەت بۆ کیانێک کە دەرچەی لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەکان نییە، هەر لە ٢٠١٤ەوە ئەمەمان پێوتن. بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم گوێیان نەگرت، چەندین جار داوامان لێکردن پێش دەرچوونی بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی لەسەر نەوتی هەرێم و پێش دەرچوونی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی هاوسەنگ بکەن، نەیانکردو زۆر لوتبەرزانە مامەڵەیان کرد. لەکاتێکدا لەئیدارەدانی مەلەفی نەوتیش شکستیان خواردو لەبری سەربەخۆیی ئابوری وابەستەیی ئابوری و لە بری خۆشگوزەرانی موچەبڕین و پاشەکەوتی موچەو کەمدەرامەتییان هێنا بەسەر خەڵکی کوردستان، وەک خۆیان دەڵێن چەندین ملیار دۆلاریش قەرزیان هێنایەسەر هەرێم! تەنها شتێک کە لەمەلەفی نەوت دەستی خۆیان کەوت شیرینی و کۆمشنەکانی نەوت بوو کە لەنێوان خۆیان بەشیان کردو خۆیان پێ دەوڵەمەند کرد.
هاوڵاتی: ئەگەر جارێکی تر بگەڕێیتەوە بۆ رابردوو هەمان ئەو شتانەت دەکرد کە کردووتن، واتە دەبوویتە ئەندام لەبزووتنەوەی گۆڕان یان بڕیاری بوون بەسەرۆکی پەرلەمانت قبووڵ دەکرد؟
یوسف محەمەد:هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە کە لەماوەی دەستبەکاربوونم لەناو گۆڕان و تاکۆتایی ئەرکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لێی پەشیمان بم. سەرەڕای ئەوەی ئەو ماوەیە ئێجگار قورس بوو و پڕ بوو لەململانێی ئێجگار توندو قورس بەتایبەت بۆ گەنجێکی وەکو ئێمە لەو کاتەدا، بەڵام سوپاسی خودا دەکەم کە لەو ماوەیەدا هیچ شتێک نییە کە ئەنجامم دابێ و ئێستا بەهۆیەوە شەرمەزاری خواو خەڵک بم. سەرمان بەرزە کە لەبەرزترین پۆستەکانی ئەم وڵاتە، ئامانج و مۆڕاڵ و بانگەشەو بەڵێنەکانی خۆمان لەبیر نەکردو نەمان گۆڕینەوە بەدەسەڵات و پارە. ئەمە لەئاستی تاکەکەسی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام لەئاستی گشتیشدا هەر گرنگە، لەم سەردەمی نەمانی متمانەیە بەکارەکتەرە سیاسییەکان، لەم سەردەمەی زۆرێک پاش گەیشتنیان بەکێکی دەسەڵات یان تەنانەت پێش ئەوەش نرخ لەسەر خۆیان دادەنێن، مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆلی ئاو لەناو رژێمێکدا کە مۆرکی باوی گەندەڵییە، بۆ دروستکردنەوەی متمانە بەسیاسەت  ئێجگار گرنگە.
رەنگە ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە لەدوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ئەگەر وەک ئێستا بیرم بکردایەتەوە لەکارکردنی رێکخراوەیی لەناو گۆڕان دوردەکەوتمەوەو هەروەک پشتیوانێکی گۆڕانخوازان دەمامەوە. هەرچەندە ئەوکاتە بۆ ئێمە ئێجگار سەخت بوو و زۆر رۆمانسییانە بیرمان دەکردەوە، بەڵام کۆمەڵێک ململانێی ناخۆش و قێزەون لەناو گۆڕان هاتنە کایەوە کە بەداخەوە پریشکی چەپەڵی بەر ئێمەش کەوت (لەکاتێکی تردا بەدرێژی دێمە سەر ئەم بابەتە).
جگە لەو ماوە کەمە، هیچ شتێکی تر نییە لەو ماوەیەدا کە پرسیارت کرد لێی پەشیمان بم.
هاوڵاتی: پلانی داهاتووت چییە؟ نیازت هەیە بگەڕێیتەوە ناو سیاسەت؟ یان بەجۆرێکی تر هیچ حزبێک لەهەرێمی کوردستان لەئێستادا بوونی هەیە کە د.یوسف متمانەی پێی هەبێت ببێتەوە ئەندام تێیدا؟
یوسف محەمەد: وەک کارەکتەرێکی ناو بواری سیاسیی ماوەی رابردووی هەرێم، وابیر دەکەمەوە کە رەنگە هەر قۆناغێک جیاوازبێ لەقۆناغەکانی پێشوو، لەهەر قۆناغێک مرۆڤ دەتوانێ ئەرکێکی گشتیی جیاواز راپەڕێنێ. لەماوەی رابردوودا بردنی کۆمەڵێک بابەتمان بەگرنگ زانی بۆ بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی کەسوپاس بۆ خوا تائێستا سەرکەوتوو بووین تیایداو چەند کەیسێکی تریش ماون کەئێستا کاریان لەسەر دەکەین.
لەڕووی حزبیشەوە لەئێستادا هیچ جوڵانەوەیەکی سیاسیی نییە کەبگونجێ لەگەڵ بیرو باوەڕو شێوازی کارکردنی ئێمە. لەگەڵ کۆمەڵێک چاکەخوازی تری هەرێم لەگفتوگۆداین بۆ دۆزینەوەی باشترین رێگای نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان هاتوونەتە کایەوە، ئومێد دەکەین کەپڕۆژەی نوێی ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆی شکستەکانی ئێستای هەرێم بێتە کایەوە.