سیامەند عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باس لەدۆخی رۆژئاڤای كوردستان و باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، ئاماژە بەبەردەوامی هەڕەشەی داعش و توركیا بۆ سەر ئەو بەشەی كوردستان دەكات.
هەروەها جەخت لەهاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی هەسەدە و یەپەگە دەكاتەوەو دەڵێت:» بەردەوامەو لەگەڵ دژەتیرۆری سلێمانی (یەكێتی)یش هەماهەنگی و كاری پێكەوەییان بەردەوامیی هەیە».
هاوڵاتی: ئایا مەترسییەكانی داعش لەسەر رۆژئاڤای كوردستان ئێستا لەچی ئاستێكدایە؟ بەتایبەت كەزۆرێك لەوڵاتانی رۆژئاوا ئامادەنەبوون چەكدارانی داعش وەربگرنەوە، تائێستا چەند پاشماوەی داعش رادەستی وڵاتان و بەتایبەتیش عێراق كراوەتەوە؟
سیامەند عەلی: تێكۆشان و شەڕی ئێمە لەبەرامبەر چەكدارانی داعش و لایەنگرانیان چەندین ساڵ بەسەریدا تێپەڕیووە، بەتایبەتیش پاش شكستی ئەوان لەناوچەی باغۆز ئیتر رەوشی شەڕ چووە قۆناغێكی نوێوە.
داعش ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی بۆ شەڕی بچووك و زیاتر شێوازی تەقینەوەیان گرتەبەرو تائێستاش بەردەوامن و ئێمەش وەك هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە و یەپەژە لەشەڕی داعش و هاوبیرەكانیان بەردەوامین و تائێستاش مەترسییەكی گەورەن لەسەر ناوچەكانمان.
هاوڵاتی: چەكدارانی داعش لەچەند كەمپی رۆژئاوای كوردستان جێگیركراون؟ هاوكاری وڵاتان لەچی ئاستێكدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی كەمپەكان؟
سیامەند عەلی: تائێستا زۆربەی دۆسیەكانی داعش چارەسەر نەكراوە، بەتایبەتیش پرسی زیندانیەكانی داعش و خێزانەكانیان كە لەكەمپەكاندان ئەمەش بووەتە هێزو مۆراڵ بۆ چەكدارانی داعش كە لەدەرەوەن و بەو هۆیەوە هێرشەكانیان بۆ سەر ئێمە چڕتركردووەتەوە.
هەروەها دەستیان لەگەڵ توركیاو ژمارەیەك گروپی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا تێكەڵ كردووە وەك سوپای نیشتیمانی سوریا، بەتایبەت لەناوچەكانی سەرێكانی و عەفرین و جەرابلوس و چەند ناوچەیەكی دیكە كە لەژێر دەسەڵاتیاندایەو بووەتە پەناگەیەك بۆ ئەو توندڕەوانە.
ئەمانەش دەبنە مەترسییەكی گەورە كەداعش بەزیندوویی بمێنێتەوە، هێرشی توركیاش لەسەر ناوچەكە كاریگەری خراپ دەكاتەسەر شەڕی داعش، چونكە ئێمە لەسەر هێڵی تەماس سەرقاڵ دەكات و بەوهۆیەوە چەكدارانی داعش سوودی لێدەبینن و خۆیان رێكدەخەنەوە.
لەسەر زەوی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دوو كەمپی سەرەكی هەن كەپاشماوەی چەكدارانی داعشی تێدان ئەوانیش كەمپی رۆژو كەمپی هۆلن، بەتایبەت ئەو پاشماوانەی داعش كە لەشەڕی باغۆز خۆیان رادەستی شەڕڤانان كرد لەناویشیاندا هاووڵاتیانی نزیكەی 150 وڵاتی جیهانی تێدایە، بەتایبەتیش عێراق، تائێستا بەپێی رێكەوتنێكی هەسەدەو هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراق ژمارەیەكی زۆر عێراقی رادەستی عێراق كراونەتەوە، بەڵام رێكکەوتنەكە بەسستی جێبەجێ دەكرێت ئەو كەسانەی تائێستا رادەست كراونەتەوە كەمترە لەهەزار كەس، لەسەر ئاستی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاش 27 زیندان چەكدارانی داعشی تێدایە.
هاوڵاتی: بەدەرچوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆك كۆماری توركیا مەترسی هێرشی دیكە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان هەیە؟
سیامەند عەلی: دەوڵەتی داگیركەری توركیا لەماوەی چەندساڵی رابردوودا بەتایبەت لەكاتی داگیركردنی عەفرین و تائێستا لەڕێگەی بەرپرسان و سەرۆكی توركیاوە هەمووكات رێبازی هەڕەشە بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنێت و دەیانەوێت داگیری بكەن.
ئەوەش مەترسیەكی گەورە لەسەر هەبوونی گەلی كوردو پێكهاتەكانی دیكەش دروستكردووە بەعەرەب و ئەرمەن و كریستیانەكانەوە، جگە لەوەی وەك وتم هەڕەشەی گەورەشی لەسەر شەڕی ئێمە دژ بەداعش دروستكردووە.
رۆژانە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپهاوێژو تانكەكان و چەكدارەكانی هاوپەیمانی لەسوریا هێرش دەكاتەسەر كۆبانی و قامیشلۆو دێرك و زەرگان و تەلتەمرو عەین عیساو هێڵی ئێم فۆڕ و تەنانەت بۆ یەك رۆژیش ئەو هێرشانە رانەوەستاون، سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن هەیە لەنێوان روسیا و توركیا لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانان و هێزەكانی هەسەدە كەئەو شەڕە رابگیرێت.
ڕۆژانە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپهاوێژ و تانکەکانی هاوپەیمانەکانی تورکیا هێرش دەکرێتە سەرمان و بۆ یەک ڕۆژیژ نەوەستاوە
هاوڵاتی: ئەو هێزانەی دەوترێت روسیا لەچەند ناوچەیەكی سوریا كشاندویەتیەوە چی هێزێك چوونەتە جێگەیان؟
سیامەند عەلی: لەناوچەی شەهبا گەمارۆیەكی گەورە لەسەر گەلی ئێمە هەیە، چونكە بەشێكی زۆریان ئەو كەسانەن كە لەعەفرین ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون، لەوێ جگە لەهێزی سوریا، هێزی توركیا، هێزی روسیاو ئێرانیش هەیە، ئەمەش بووەتە زەحمەتییەكی زۆر بۆ ئەوان، لەو ناوچەیە زیاتر هێزی روسیا باڵادەستە بەپێی بەدواداچوونی ئێمە تائێستا هێزەكانی روسیا لەجێگەی خۆیانن.
هاوڵاتی: تائێستا ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمان پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە دەكەن؟
سیامەند عەلی: وەكو یەكەم هێز لەبەرامبەر داعش بەرخۆدانمان دەستپێكرد لەناوەڕاستی رۆژهەڵات بەگشتی و لەڕۆژئاڤای كوردستان بەتایبەتیش كۆبانی، لەو رۆژەوەی شەڕی كۆبانی دروستبوو هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانان بەردەوامەو پێكەوە هەماهەنگیمان هەیە تا نەهێڵین داعش بەهێز ببێتەوە، بەڵام تائێستا فشاری ئابوری و سیاسی لەسەر رۆژئاڤای كوردستان بەردەوامە بەتایبەت فشاری گرتنی دەروازە سنوریەكان و رێگریكردن لەماددەی بنەڕەتی ژیان بۆ رۆژئاڤای كوردستان.
هەروەها پێویستە چەندین دۆسیەی دادگایی چەكدارانی داعش یەكلایی بكرێنەوەو هاوپەیمانان تیایدا هاوكاری زیاترمان بكەن و هەنگاوی جددیتر بنێن ئەوەش وەك ئەركێك لەسەرشانی ئەوان دەبینین.
هاوڵاتی: ئایا حكومەتی سوریا هەوڵیداوە هیچ ناوچەیەكی رۆژئاڤای كوردستان داگیربكات؟ یاخود هیچ گفتوگۆیەك لەسەر ئەو ناوچانە كراوە كە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێن؟
سیامەند عەلی: هەموان دەزانن بیركردنەوەی رژێمی سوریا دەیەوێت رەوشەكە بگەڕێتەوە بەر لە 2011، بەڵام گەلانی سوریا ئەوە قبوڵ ناكەن، چونكە داوای دیموكراسی دەكەین، پرۆژەی بەڕێوەبەری خۆسەر پرۆژەیەكە بۆ چارەسەری لەسوریا.
تائێستا رژێمی سوریا خۆی لەهەموو گفتوگۆیەك بەدوور دەگرێت و ئەو گفتوگۆیانەش كە بەڕێوەچوون لێی كشاوەتەوە، دەیەوێت بەفشارو شەڕو دان نەنان بەمافی كورد بگاتە چارەسەرو دەیەوێت مافێكی كەم بەگەلی كورد بدات، بەڵام بڕیاری ئێمە پاراستنی گەلەكەمان و مافەكانیەتی و تاڕژێمی سوریا لەو بیركردنەوەیە خۆی رزگار نەكات ئێمە بەهیچ شێوەیەك داواكاری ئەوان قبوڵ ناكەین.
هاوڵاتی: لەبەرامبەر نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و سوریا هاوكات نزیكبوونەوەی روسیاو توركیا لەگەڵ سوریا ئێوە راتان چییە؟ مەترسی دروست دەبێت؟
سیامەند عەلی: لەماوەی رابردوودا نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەب و سوریا دروستبوو، هاوكات لەنێوان روسیاو توركیا لەگەڵ سوریا دروستبوو، بەڵام هیچ مانایەكیان نابێت ئەگەر بوونی ئێمە قبوڵ نەكات لەسەر ئاستی پراكتیكی جێناگرێت.
هەر رێككەوتنێك ئێمە لەخۆنەگرێت و چارەسەری پێنەبێت ئەوا قبوڵی ناكەین و بەرگری لەخۆمان دەكەین، ئەگەر چارەسەریشی پێبێت بۆ كێشەكانی سوریا ئامادەین گفتوگۆ بكەین بەڵام هەندێك هێڵی سوری ئێمە هەیە كە لێی نایەینە خوارەوەو مافی گەلی كوردەو بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەین وەك دەزانن ئەزموونی 12 ساڵ شەڕی قورسمان هەیە لەگەڵ چەكدارانی توندڕەوی داعش و توركیاو سوریا كە ئەمەش وادەكات بەرامبەر هەموو هێرشێك ئامادەبین و خاوەن هێزی گەلی خۆمانین.
هەر ڕێکەوتنێک مافی کوردی تێدا نەبێت قبوڵی ناکەین و هێزو ئەزمونی پێویستمان هەیە تا بەرگری لە مانەوەمان بکەین
هاوڵاتی: ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتن یاخود یەپەگەن رووبەرەكەیان چەندە لەسەر ئاستی سوریا؟
سیامەند عەلی: پاش تێكۆشانی گەورە لەدژی داعش و هێزەكانی توركیاو نزیكەكانی بەشێكی زۆر لەخاكی سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدایە، بە رێژە دەگاتە نزیكەی 35%ی خاكی سوریا كەشوێنی ستراتیژی و گرنگن كەزۆرینەی پێكهاتەكانی گەلی سوریا تێیدا دەژین، لەبەر ئەوەش ئەو شوێنانە خاوەن كاریگەری و هێزی گەورەن.
هاوڵاتی: هێزەكانی هەسەدەو یەپەگە چەكی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ بەرگریكردن لەناوچەكانیان؟
سیامەند عەلی: شەڕی ئێمە لەدژی داعش بەهاوكاری هاوپەیمانان و هێزی دژەتیرۆری یەكێتی هەماهەنگی بەردەواممان هەیەو بەیەك دەست شەڕی تیرۆر دەكەین، ئەوەش مایەی سەربڵندییە، بەنیازیشین هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە كوردستانیەكان زیاتر بكەین، تاپشتیوانی باشتری رۆژئاڤای كوردستان بكەن و چیتر ئەو فشارانەی هەن نەمێنن وەك گرتنی دەروازەی سنوری.