بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنى پەرلەمانى
عێراق بەڕێوەبچێت، تاوەکو نزیکتر ببینەوە ململانێى کەسایەتى و لایەنە عێراقیەکان زیاتر
دەبن.
محەمەد شیاع سودانى و نورى مالیکی لە پێشبڕکێیەکى
گەورەدان بۆئەوەى لە هەڵبژاردنى داهاتوودا پێگەى خۆیان بەهێزتر بکەن.
سودانى دەیەوێت خولێکى دیکە بمێنێتەوە و نورى
مالیکیش دەیەوێت کۆتایی بە رۆڵی سودانى بهێنێت بۆ ئەو مەبەستە حزبى دەعوە و بەشێکى
زۆر لە چوارچێوەى هەماهەنگی خستوەتەکار.
نورى مالیکی دەیەوێت هەڵبژاردن پێش وادەى خۆی ئەنجام
بدرێت و ئەگەر ئەمەش نەچووە سەر هەموارى یاساى هەڵبژاردن بکرێتەوە و یەک بازنەیی
پارێزگاکانى عێراق بکاتە چەند بازنەیی، لە جەنگێکى نەرمى بەهێزدا ئەمەی کردووەتە
فشارێک بەسەر سودانییەوە.
یەکێک لە شاندى دانوستانکارى سونەکان کە بەشداریکردووە
لە داڕشتنەوەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە،
ئەگەر ئەو هەموارە بکرێت زیان بە کورد و سونەکانیش دەگەیەنێت.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، سەرەتاى جەنگەکە بە سەرکەوتنى
مالیکی دەستیپێکردووە لە دیاریکردنى پارێزگارێک بۆ دیالە و دواتریش دروستکردنى
هاوپەیمانییەک بۆ دانانى پاریزگاریی کەرکوک و لە هەردوکیاندا سودانى شکستیهێنا، بەڵام
جەنگەکەى نێوانیان تادێت گەرمتر دەبێت و سودانیش وەک رۆژنامەکە دەڵێت، ژمارەیەکى
بچووک و تیکەیەکى چەورنییە.