دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزلێنانی بەخشییە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەو بەخشین و هاوكاریەی لەكەرتە جیاجیاكاندا خزمەتی خەڵك و خاكی كوردستانیان كردووە.
شێخ فاخیر شێخ تەیب، بەرێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، لە وتەیەكدا لەكاتی مەراسیمەكەدا، سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە پای ئەو رێزلێنان و پێزانینەی حكومەت بۆ ئەو دەریبڕیوە.
وتیشی: ئەم رێزلێنانە وامان لێدەكات بەردەوام بین لە كاری چاكەو چاكەخوازی.
ئاماژەیشی بۆ ئەوەكرد؛ كەرتی تایبەت و كەرتی حكومی دوو بوارن كە هەمیشە دەبێت هاوكارو پشتیوانی یەك بن. ئەم خەڵاتە هاندەرمان دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەكاری خێرخوازی و ئاوەدانكردنەوەی نیشتیمانەكەمان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیجییان ئەنجام داوە".
وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "لە ساڵانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، کێشە، کۆسپ، گیر و گرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دروست کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستیی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی و پشتیوانیی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە".