هەڵبژاردنە ڤی ئای پیەکە چۆن دەبێت؟ بۆچی ئەمجارە ڤی ئای پیش جیاواز دەبێت؟

سیاسی

29 أيلول 2024

73جار خوێندراوەتەوە

بۆیەكەمجار لە سلێمانی و دهۆك وێستگەی تایبەتی دەنگدان (vip) بۆ كەسایەتیە سیاسیەكان دادەنرێت

     جیاواز لە  هەڵبژاردنەكانی 32 ساڵی پێشوو، بۆیەكەمجار لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك، بنكەی تایبەت بۆ دەنگدانی كەسایەتیە سیاسیەكان لە شاری سلێمانی و دهۆك دادەنرێت.
لە 32 ساڵی رابردودا كە چەندین هەڵبژاردنی گرنگ لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە، لە شاری سلێمانی و دهۆك، بنكەو وێستگەی تایبەت بە دەنگدانی كەسایەتیەكان دانەنراوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە شاری سلێمانی و بەرپرسانی حزبی و حكومی دەتوانن لە بنكەی تایبەت دەنگ بدەن.
كەڤەر میدیا بەدواداچونی كرد، بە درێژای 32 ساڵی رابردوو سەركردە گرنگەكانی كورد وەك نەوشیروان مستەفا و مام جەلال داوای دانانی بنكەی تایبەتیان بۆخۆیان نەكردووەو وەك هاوڵاتی ئاسایی چوون لە خوێندنگاكان دەنگیان داوە، بەڵام ئەمجارە پێدەچێت كۆمسیۆن لە سەر خواستی بەرپرسانی یەكێتی و پارتی داوای بنكەی تایبەتی دەنگدانیان بۆ خۆیان و بۆماڵ و مناڵیان كردووە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە كەڤەر میدیا، زانیاری لەبارەی دەنگدانی کەسایەتییە گرنگەکان (vip) بڵاو کردەوە و وتی: بۆ کەسایەتییە گرنگەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 3 بنکەی دەنگدان دادەنرێت، هەروەها ژمارەی وێستگەکانیش 3 وێستگە دەبێت.
جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشووش ئەمجارە كۆمسیۆن لە شەش شاری دەرەوەی هەرێمی كوردستان بنكەی تایبەتی دەنگدانی كردۆتەوە كە بریتین لە (بەغدا، نەینەوا، دیالە، ئەنبار، واست، سەڵاحەدین)
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 22 لایەنی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ نزیکەی 75 کاندید کە بەشێوەی تاک بۆ کورسیی گشتی و کورسیی کۆتای پێکهاتەکان خۆیان کاندید کردووە.