ئەمریکا هۆشداریدایە تیمی هەژماری من؛ هاوکارییەکانی پێشمەرگە نانێرین

سیاسی

25 آب 2024

49جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن."
ئەمڕۆ دوشەممە ٢٩/٤/٢٠٢٤ میدیای پارتی لە زاری تیمی پڕۆژەی هەژماری منەوە بڵاویانکردەوە،ئەمریکا ئامادە نییە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە پارەی مووچەی پێشمەرگە بدرێت.
حکومەتی ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.
 
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"  هۆکاری نەناردنی هاوکارییەکانی پێسمەرگە لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە  "چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."
 
وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات." 
ئەم گوتانەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە کاتێکدایە، بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە بەبێ کێشە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی هەژماری منەوە بکرێت و حکومەتی عێراقیش داوا دەکات لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بکرێت.
هەر ئەمڕۆش، عەزیز ئەحمەد, جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی هەژماری منی تێدابێت، دەتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
وتیشی، هەموو بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی هەژماری_من مۆڵەتیان لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقییەوە پێدراوە و بە تایبەتی پەسەند کراون بۆ پرۆژەکە. دوای ئەم ڕاستکرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی کۆتایی.
هەروەها وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.