لێدوانی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و هەڵبژاردن

سیاسی

25 آب 2024

43جار خوێندراوەتەوە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرسی ماف و چارەسەری شایستە داراییەکان و بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانیدا لەگەڵ لایەنەکانی عێراق تاوتوێ کراون و ئامانجی سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پڕۆسەکە لە وادەیەک ئەنجامبدرێت کە گونجاوبێت بۆ هەمو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمشەو ٢٨/٤/٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەلێک پرسی گرنگی پەیوەست بە داهاتوی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان باسکردوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا و سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کردووە.
وتیشی: "خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش و هاوبەش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان و لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان، دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی و جێبەجێکردنی دەستوور".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، دڵشاد شەهاب باسی لەوەکرد: پرسی شایستەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کۆتایی موچە لە گرنگترین بابەتاکنی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێم بوە لەگەڵ لایەنە سیاسی و دامەزراوە عێراقییەکان، نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستێکی جدی لەسەر پرسی ئەمنی وهەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەبوە وەک هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
هاوکات بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژی سەرۆکی هەرێم، حکومەتی عێراقی دەلێن گرنگە موچەی فەرمانبەران لە رێگەی سیستمی بانکییەوە دابەش بکرێت، لە ئێستاشدا گفتوگۆیەکی باش لەو بارەیەوە هەیە و پرسی شێوازی دابەشکردنی موچە بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە، "بانکەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازی نییە".
هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە باسی لەوەشکرد: هەموو لایەنە عێراقییەکانیش گرنگی بەو پرسە دەدەن و دیدگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێیدا بەشداری بکەن.
لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە، بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو  بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن یان سەردانیان دەکەن و هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵیان لەسەر هێلە.