پارەى مووچە لە بەغداوە دێت، لیستەکەش هەر لەژێر زەڕەبینەکەى بەغدایە، کۆمیسیۆنەکە هەر لە بەغدایە و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانیش لە بەغداوە دێن و کەسیش کەشف ناکەن، کەچى پارتى و یەکێتى بەو حاڵەشەوە وازناهێنن.
لەوەتەى هەڵبژاردن لە کوردستان دەکرێت، پارتى و یەکێتى، پەنا بۆ چەکێکى نادیموکراتى و ناشارستانى دەبەن و لەژێر هەرەشەى گواستنەوە و سزادان و تەنانەت نانبڕینیش فەرمانبەران دەترسێنن و داواى زانیارییان لێدەکەن.
ماوەیەکە لە هەندێک فەرمانگەى حکومى بەتایبەت ئەوانەى بەڕێوەبەرەکانیان پارتى و یەکێتین، کارتی دەنگدان بەزۆر لە فەرمانبەران وەردەگیرێت و ئەپێکیان داونڵۆد کردووەو QR سەر کارتەکەیان سکان کردووەو سەرجەم زانیارییەکانیان سکرین کردووە، ئەوە جگەلەوەى داواى کۆپی کارتى دەنگدان لە فەرمانبەرەکە دەکەن.
بەڵام ئەو فەرمانگانەى بەریوەبەرەکانیان گۆڕان یان سەر بەلایەنەکانى دیکەى دەرەوەى پارتى و یەکێتین، بەهیچ جۆرێک فەرمانبەران ناخەنە ژێر ئەم بارە ناچارییەوە، لەگەڵئەوەشدا بە هەزاران فەرمانبەر ناچنە ژێر بارى فشارى بەڕێوەبەرەکان و ئیرادەى خۆیان تەسلیمى ئیرادەى فشارەکانى پارتى و یەکێتى ناکەن.
لە دهۆک هەڵمەتەکە چڕ و توندە و لەسەرجەم فەرمانگەکان فەرمانبەران ناچار بەوە کراون کارتى دەنگدانیان ببنەن و سکانى بکەن، فشارەکان بەجۆرێکن، وەزارەتەکانى شارەوانی و ناوخۆ، لە بەرگری فریاکەوتن و تەنانەت قوتابخانەکانیش ئەم کارە دەکرێت و لە هەندێک شوێن داواى کارتى دەنگدان لە شۆفێرى تەنکەرەکانیش کراوە.
ئایا دەنگدان ئاشکرا دەبێت؟
لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو، پارتى و یەکێتى جگەلەوەى لە دەرەوە فشاریان بە فەرمانبەران و ئەندامانى هێزەئەمنییەکان بکەن، ئاشکراى بکەن کە دەنگ بەکێ دەدەن، زۆرجار ناچاریشیان دەکردن بە مۆبایلەکانیان وێنەى کارتى دەنگدانەکەیان بگرن.
بەڵام ئێستا ئەم پرسیارە دەکرێت، ئایا هەڵبژاردنەکە بەسەرپەرشتى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەبێت و سیستەمەکەشى ئەلکترۆنییە، ئیمکان هەیە بزانرێت کەوا کێ دەنگی بە کام بەربژێر و لیست داوە؟
وەڵامى شارەزایانى هەڵبژاردن و سیستەمەکە نەخێرە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، جگە لە وەزیرەکانى گۆڕان، تاکە وەزیرێک لەناو وەزیرەکانى پارتى و یەکێتى، فەرمانبەرانى نەخستووەتە ژێر ئەم بارە ناچارییەوە، وەزیری خوێندنی باڵایە و بە نوسراوێکى فەرمى هۆشداریداوە لەوەى ئەم هەنگاوە نا یاساییەو لەناو حەرەمی زانکۆکان ئەم کارە قبوڵ ناکات.
ئەم تەکنیکە جگەلە وڵاتانى نادیموکراتى لەنمونەى سووریا و کۆریا و وڵاتانى هاوشێوەیان، لە هیچ وڵاتێکى دیموکرات و پێشکەوتوو پەناى بۆ نابرێت
بەڕای تۆ ئەمەی هەوڵی بۆ دەدرێت ترسان نییە لە شکست؟ یان جارێکی دیکە بە جۆکەری تەزویر هەڵبژاردن دەبەنەوە؟