ئەگەرچی چەند ساڵێكە ئامارەكانی توشببون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە ریزبەندی پێشەوەبوون، بەڵام بەپێی نوێترین ئامار لە هەولێر زۆرترین رێژەى توشبوون بە شێرپەنجەى مەمک تۆماركراوە.
دکتۆر چنار سنجاوى، سەرۆکى بەشى کۆنتڕۆڵى شێرپەنجە لە وەزارەتى تەندروستى ئاشكرایكرد كە حاڵی حازر لە جیهان و لە هەرێمى کوردستانیش، شێرپەنجەى مەمک زۆرترینە، بەشێوەیەک لە هەرێمى کوردستان ئەو جۆرە 23%ـى کۆى توشبوانى شێرپەنجە پێکدەهێنن”.
هەرچەندە هیچ ئامارێکى نەخستەڕوو، بەڵام بە وتەى چنار سنجاوى، زۆرترین رێژەى توشبوون بە شێرپەنجەى مەمک لەسەر ئاستى کوردستان لە هەولێرە، بەپێى لێدوانێکى دوێنێى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى، لە 10 مانگى ئەمساڵدا 479 توشبووى شێرپەنجەیان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ساڵى پار لە 10 مانگدا 415 حاڵەتیان تۆمار کردبوو.
سەرۆکى بەشى کۆنتڕۆڵى شێرپەنجە لە وەزارەتى تەندروستى، هۆشداری ئەوەیدا كە ئەگەر شێرپەنجەی مەمك زوو دەستنیشان بکرێت، بە رێژەى 99% چارەسەر دەکرێت، بەپێى ئامارەکانیش لە هەرێمى کوردستان زۆرترین چارەسەر بۆ حاڵەتەکانى شێرپەنجە هى شێرپەنجەى مەمکە”،.
لەلایەكی ترەوە دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا پێیوایە هۆکارەکان زۆرن بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، لەوانەش بۆماوەیی، نەبوونی منداڵ، پێنەدانی شیری سرووشتی، قەڵەوی، خۆراکی نا تەندرووست، هۆشیاری ژنان گرنگە لە نیشانە پێشوەختەکانی توشبوون بە شێرپەنجە.
ئاماژەی بەوەشدا، ژنان دەتوانن خۆیان پشکنین بۆخۆیان بکەن، سەرەکیترین نیشانەش هەستکردنە بە گرێ لە مەمکدا، هەروەها تێكچوونی شێوازی پێست و هاتنە دەرەوەی جەراعەتە لە مەمکدا.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی: ئەوانەی لە قۆناغی سەرەتای توشوبوندان واتە ئاستی یەک و دوو، چارەسەرەکانیان هەرزانەو لە کەرتی گشتی بەردەستە، ئەوانەشی دەگەنە قۆناغی کۆتایی چارەسەکردنیان قورس دەبێت.