حاڵەتێکی سەیری کوشتنی منداڵی ساوا لە کوردستان سەری هەڵداوە

ڕاپۆرت

2 أيلول 2024

172جار خوێندراوەتەوە

لە دوو ناوچەی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک، لە ماوەیەکی نزیکدا، دوو ڕووداوی سەیر هەبوون، دوو باوک بە شێوەیەکی دڕندانە منداڵەکانی خۆیان کوشت.

شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی تازەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، باوکێک بەهۆی کێشەی خێزانی و لەگەڵ هاوسەری پێشووی، منداڵێکی تەمەن سێ مانگی هەڵداوەتە ناو تانکییەکی ئاوی سەربانەوە، بێڕەحمانە دەوەستێت بە دیارییەوە، تا ئەو منداڵەی کە هێشتا نازانێت دنیا چیە، ئەو منداڵەی کە تازە زەردەخەنە دەکات کاتێک باوکی دەبینێت، کەچی باوکی هەناسەی لێ دەبڕێت.
ئەو پیاوە دوو هاوسەری هەبوە، منداڵەکەی لە هاوسەرە نوێکەیەتی، پۆلیس دەڵێت باری دەروونی جێگیر نییە و بەهۆی کێشەی لەگەڵ ژنەکەیدا منداڵەکەی کوشتووە.
١٧ ڕۆژ پێش ئێستاش  باوکێکی تر دەستی چووە منداڵەکەی خۆی، بە جۆرێک کوشتی کەم دڵ هەیە بەرگەی بیستنی بگرێت، کاتێک باوکێک ٢٦ چەقۆ لە جەستەی منداڵە بچوکەکەی دەدات کە تەنها تەمەنی دوو ساڵ بووە.
ئەو یەکەمجار لە هاوسەر و منداڵەکانی تری دەدات، بەڵام ئەوان کاتێک ڕادەکەن تەنها منداڵە دووساڵە کچەکەی دەمێنێت لە بەردەستیدا و ئەویش بە نووکی چەقۆ ٢٦ جار چەقۆی لێدەدات و منداڵەکە بەو حاڵەشەوە بە برینێکی زۆرەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە بەڵام دواجار کۆچی دوایی دەکات.
کاتێک باسی باوک دەکرێت هەمووان کۆکن کە ئەو قەڵغانی ژیانتە، کاتێک ئەو نامێنێت هەموو تیرەکانت بەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی شۆک ئامێزە ئەم دوو باوکە چۆن بەو دڵڕەقییەوە کۆتاییان بە ژیانی ئەو منداڵانە هێنا کە هێشتا نەیاندەزانی ژیان چییە.