ئەو داواکارییەی گۆڕان چی بوو بەغدا بەسەر پارتی و یەکێتیدا سەپاندی

ڕاپۆرت

5 أيلول 2024

42جار خوێندراوەتەوە

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت ئەوەی ئێمە داوامانکرد بەغدا بەسەر پارتی و یەکێتیدا سەپاندویەتی، کەچی ئامادە نەبوون گوێ لە وەزیری دارایی ئێمە بگرن.

گۆڕان وەک خۆیان باسیان کردووە مێژویەکی دورو درێژیان لەگەڵ ئەو پرسانەدا هەیەو رۆژی ٣ی مانگی ٣ی ٢٠١٨،  فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وێڕای داواکردنی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە پەسند نەکات و بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان ڕاشیگەیاند "داوامان ئەوەیە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆ گشت خانەنشینان بەرکاربکرێت، هۆشداریشی دا کە بەپێچەوانەوە رێککاری یاسایی و دەستووری دەگرنەبەر"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرەڕای خۆشحاڵیان بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان ڕایدەگەیەنن بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە لەرێی وەزیری داراییەوە داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كرد مووچەی خانەنشینان لایەنی كەم لە خشتەی مووچەی مانگانەدا بكرێتە ریزبەندی یەكەم نەك كۆتایی، لەبەر دوو هۆ؛ یەكێكیان مووچەیان كەمە، ئەویدیكەشیان لەبەر ئەوەی لە عێراقدا ئەوەندە رێز لە خانەنشینان گیراوە كە نەك هەر لە خشتەی مووچەدا لە ریزبەندی یەكەمن بەڵكو هەموو رۆژی 3ی سەرەتای مانگ پێشەكی مووچەیان دەدرێتێ وەك رێزلێگرتنێك لە كۆشش و ماندووبونی 30 بۆ 40 ساڵی كاركردنیان.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن بەڵام بەداخەوە وەزیرەكانی پارتی و یەكێتی لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەم داوایەی تیمی گۆڕانیان لە حكومەتدا قبوڵ نەكرد و سەرەنجام لەژێر فشارو بڕیاری  بەغداد دا، سێ چوار مانگە خانەنشینان خراونەتە ریزبەندی یەكەم لە خشتەكەدا.

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان  جگە لەوە داوا دەكات كۆی پێشینەكان دەستپێبكاتەوە بە تایبەتی هاوسەرگیری بۆ گەنجان و پێشینەی خانووبەرە، پێشی وایە دەبێت پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە کە بەستەم ناوی دەبات و دەڵێت ئەوە ستەمێکە لە ٢٠١٦ەوە سەپاندویانە.