یەکەمجارە دوو کاندید بە پەچەوە بانگەشە دەکەن
ئایا بۆ یه‌كه‌مینجار ئافره‌تی نیقاب ده‌چێته هۆڵی په‌رله‌مان؟
ئەمجارە ئیسلامیەکان لە هەموو لایەک پەرت ترن
……….
بۆیه‌كه‌مجار دوو كاندید لە دوو لیستی ئیسلامی جیا، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەچە دەکەن ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت نیقاب و دەڵێن، بەو شێوەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین.
ئامینە مەحموود قادر کە ناسناوی "ئامینە کەلاری"یە، یەکێکه لەو دوو كاندیده‌ی بە پەچەوە بەشداری بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەو کە نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت پەچەی کردووە، لەدایکبووی ساڵی 1972 و دایکی پێنج منداڵە، كاندیدی لیستی بزووتنەی پەیوەندیی ئیسلامییە کە کامیل حاجی عەلی، رێبەرایەتی دەکات.
ئامینە ده‌ڵێ؛ دەستبەرداری نیقاب نابم و وێنەکانیشم بە نیقابەوە هەڵدەواسم، ئومێدیشم وایە خەڵک پشتگیریم بکەن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ چەند جارێکی دیکە داوام لێکراوە كاندیده بم رەتمکردووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان رازی بووم".
ئامینە ناسناوی کەلاریی هەیە، بەڵام ئەو دانیشتووی هەولێرە و لەسەر بازنەی هەولێر خۆی كاندیده‌کردووە، 12 ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە و دەرچووی زمانی عەرەبیی زانکۆی عێراقییەی بەغدایە.
هه‌روه‌ها لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، خوشکی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیه‌و لەدایکبووی ساڵی 1976ـە، ئەو سەرۆکی لیستی حیزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجەو سه‌باره‌ت به به‌ستنی په‌چه‌كه‌ی ده‌ڵێ؛ بۆ من نیقاب بەشێکە لە کەسایەتیم، بۆیە بانگەشەکەم بۆ هەڵبژاردن بە نیقابەوە دەکەم و هەموو وێنەکانیشم هەر بە نیقابەوە دەبێت، پێشبینیم زۆرە خەڵکێکی زۆر بە پیاو و ژن و کچان و کوڕانەوە بەهۆی ئەو پۆشتەیی و نیقابەوە دەنگم پێبدەن".
ئەمجارە ئیسلامیەکانی کوردستان نەک لیستی هاوبه‌شیان نیه‌و پێكه‌وه نین، بگرە لە هەموولایەک زیاتر پەرتترن و بەچوار لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
لیستەکان بریتین لە بزوتنەوە و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بەسەرۆکایەتی کامیل حاجی عەلی.
با چاوه‌ڕوانبین بزانین بۆ یه‌كه‌مجار ئافره‌تی په‌چه به‌ستوو و نیقاب ده‌چێته هۆڵی په‌رله‌مان یاخود نا؟