ئەو نەوتەی حکومەت دەیدات بە هاوڵاتیان نرخەکەی دوو هێندەو نیوی ئەو نرخەیە کە بە کۆمپانیاکان یاخود بە دەرەوەی دەفرشێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان کردووە و بۆ هەر بەرمیلێک کە ٢٠٠ لیترە، بڕی ١٠٤ هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر تەنکەری نەوتەکە بچێتە بەردەمی ئەو ماڵەی کە نەوتەکە وەدەگرێت، ئەوا دوو هەزار دیناری دیکەی لێوەردەگیرێت و کۆی ئەو پارەیەی کە بۆ ٢٠٠ لیتر نەوت سپی لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت دەکاتە ١٠٦ هەزار دینار..
لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکرنی نەوتی حکومی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوت لە بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی ٢٠ هەزار دینار بەرزبووەتەوە بەجۆرێک پێش دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی حکومی، هەر بەرمیلێک نەوت بە ١٣٠ بۆ ١٣٥ هەزار دیناربوو بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ١٥٠ هەزار دینار و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریشی دەکرێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرا لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی حکومی لە بازاڕدا نرخەکەی دابەزێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت پێچەوانەکەی دەرچووە و نرخەکەی بەرزبووەوە..
عوسمان سدیق یەکێک لە نەوت فرۆشەکان بە کەڤەر میدیای راگەیاند کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارین بارین نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی دەگاتە نزیکەی ١٧٠ هەزار دینار..
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی خاو بە ٣٢ دۆلار بە کۆمپانیاکان دەفرۆشێت، بەڵام ئەو نەوتەی کە دەیدات بە هاوڵاتیان نرخەکەی دوو هێندە و نیو زیاترە..