كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەرگای بانگەشەی كردەوە، بەڵام جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو پێنج رۆژ پێش 20ی مانگ، هەڵمەتەكەی راگرت.
كارزان گەردی، بەپرسی گۆشەى هەولێری ژوری هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان بە كەڤەر میدیای راگەیاند كە كەمكردنەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژادن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت كەمترین بەركەوتن لەنێوان كاندید و هێز و لایەنە سیاسییەكاندا دروستببێت.
كارزان گەردی سەبارەت بە كەمكردنەوەی ساختەكارییەكان لە پرۆسەی هەڵبژرادن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: ناتوانرێت گرەنتی لە (100%) بكرێت كە پڕۆسەكە بەبێ ساختەكاری بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەراود بە ساڵانی رابردو باشتر دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت ساختەكاری كەمتری تیێدا ئەنجام بدرێت.
لەسەر بردنە ژورەوەی مۆبایل بۆ ناوەندەكانی هەڵبژاردن، كارزان گەردی وتیشی: یەكێك لە تەگەرەكانی بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن كە تا ئێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلایی نەكردوەتەوە، ئەوەیە كە دەنگدەر نەتوانێت بە ئازادییەكی تەواو دەنگ بە لیست و كاندیدی دڵخوازی خۆی بدات، ئەویش بەكارهێنانی مۆبایلە بۆ وێنەگرتن و ناردنی بۆ ئەو لایەنانەی كە فشار لە دەنگدەر دەكەن و نەتوانێت بەویستی خۆی دەنگ بدات.
بەپرسی گۆشەى هەولێری ژوری هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵمەتێكی بەرفراوانی هۆشیار كردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات و جەخت بكاتەوە كە دەنگدەر چاودێری ناكرێت و هیچ لایەنێك نییە بزانێت دەنگی بەكام كاندید و لیست و قەوارەی سیاسی داوە.