١٥ ساڵ ئیسرائیل چی کرد تا تەقینەوەی پەیجەرەکان بکاتە ڕاستی؟

ئابووری

21 أيلول 2024

101جار خوێندراوەتەوە

هەفتەى رابردوو، ئیسرائیل یار و نەیارەکانى خۆى تووشى شۆکک کرد، کردەیەکى کرد لە مێژوودا بێ وێنە بوو.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئەمریکى ئاشکرایکردووە لە بنەڕەتدا ئیسرائیل خۆی لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە لە هەنگاریا پەیجەرەکانی بەرهەمهێناوە و هەر خۆشی بە حیزبوڵای فرۆشتووەتەوە.

نیویۆرک تایمز لە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە ئەو زانیاریانەی دەستکەوتووە کە لە مانگی پێنجی ساڵی 2022ـەوە کۆمپانیایەکی بنیاتنراوە کە ئەرکی ساغکردنەوەی ئەو پەیجەرانە بووە.

هەواڵگریی ئیسرائیلیش دوو کۆمپانیای دیکەی بەرهەمهێنانی پەیجەری بۆ شاردنەوەی ئەو راستییە دروستکردووە کە لە ژێرەوە لەلایەن ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە بەڕێوەبراون.

ئیسرائیل پێشوەختە زانیارى ئەوەی هەبووە کە حیزبوڵڵا پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ پەیوەندی بەستن دەبات بۆیە پلانەکەی داڕشتووە. پەیجەرەکان چەند گرامێک تی ئێن تیان تێدا جێگیرکراوە و لە دوورەوە تەقێندراونەتەوە.

هەندێک زانیارى دزەپێکراو، ئاشکرایانکردووە ئۆپراسیۆنی بەرهەمهێنانی پەیجەرەکان و فرۆشتنەوەیان بە حیزبوڵڵا ساڵێک و پێنج مانگ پێش دەستپێکی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بووە.
سەرچاوەى هەواڵگری دیکەش باسیلەوەکردووە ئیسرائیل بۆ ماوەى نزیکەى 15 ساڵ پلانى بۆ دزەکردنە ناو پەیجەرەکان داناوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پلانەکەی ئیسرائیل بریتی بووە لە دروستکردنى کۆمپانیاى ساختە بۆ ئەفسەرانی هەواڵگریی و بەشێک لەو کەسانەی بەشدارییان لە کارەکەدا کردووە، درکیان بەوە نەکردووە کە لە ڕاستیدا بۆ کێ کاردەکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکان، لەساڵی 2022 دا پەیجەرەکان نێردراون بۆ لوبنان و دەزگای مۆساد، بڕێکی کەم لە تەقەمەنی لەناو 5 هەزار پەیجەری دروستکراوی تایوانیدا چاندووە. هەر ئەو کات لێدوانێکی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵا کە داوای لە ئەندامانیان کرد، مۆبایل بەکارنەهێنن، بووەهۆی بەرزکردنەوەی خواستی کڕینی بێتەلەکان بەتایبەتی پەیجەر.
بەمشێوەیە دەردەکەوێت حیزبوڵا کاتێک بە حسابی خۆی بە نهێنی ئەو پەیجەرانەی کڕیوە، هاوردە کردوون بێ ئەوەی ئاگاداربێت گرێبەستی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان کردووە.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ئاشکرایکردووە، پاش ئەوەی ئیسرائیل زانیویەتى دوو ئەندامی حزبوڵڵا بۆیان دەرکەوتووە کە ئامێرەکان هاککراون، هێرشەکەی لە رۆژانى سێشەممە و چوارشەممەدا ئەنجامداوە، لە بنەڕەتدا پلانى وابووە لەگەڵ هێرشکردنە سەر حزبوڵا ئامێرەکان بتەقێنێتەوە.
نوێنەری لوبنان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، ئەو ئامێرانەی پەيوەنديکردن کە لە لوبنان تەقينەوە پێش گەیشتنیان بۆ وڵاتەکە بۆمبڕێژکراون.
کام یەکە کارەکەى کردووە؟
یەکەکانى هەواڵگرى ئیسرائیل بۆ ئەوەى نەناسرێنەوە، بە ژمارە ناودەبرێن، یەکەى شەڕى ئەلیکترۆنى نهێنى ژمارە 8200 لەناو هەواڵگرى ئیسرائیلدا کارى دزەکردنە ناو پەیجەرەکانى گرتوەتەئەستۆ.
ئەم یەکە، هێزێکى گەورەى ئەلیکترۆنى ئیسرائیلە، هۆبەیەکە لە هەواڵگریى سەربازیى، کارەکانى زۆر نهێنییە و ئامانجەکانى جۆراوجۆرن، بۆ ئامانجە ئەمنییەکانى پەرە بە زیرەکى دەستکرد دەدات، بەشداربووە لە دانانى تەقەمەنى لەناو ئامێرەکانى پەیجەر.
دامەزراندنى یەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل، دواتر پەرەى پێدراوە و ناوى نراوە یەکەى 8200.