ملیۆنان دۆلار چۆن لە پڕ لە هەرێمی کوردستان پەیدا بوو؟

ئابووری

25 أيلول 2024

78جار خوێندراوەتەوە
پێنج ساڵ بێ پارەیی چۆن گۆڕا بۆ دوو هەفتەی ملیۆنان دۆلاری؟

بۆچی هاوڵاتیانی هەرێم هاواریان لێ هەستاوە و توڕەن؟

……..
دوو هەفتەیە، حکومەتی هەرێم، یاخود راستروایە بڵێین حکومەتی پارتی دەستی بە هەڵمەتێکی چڕ کردووە، هەر خەریکی چیمەنتۆ گرتنەوەن و بەردی بناغەی پڕۆژەی ملیۆنان دۆلاری دادەنێن، بە جۆرێک لە ماوەی دوو هەفتەیدا هێندەی پێنج ساڵی کابینەکە بەردی بناغە دانراوە، لە کاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها یەک مانگی ماوە.
حکومەتی هەرێم لە پێنج ساڵی ڕابردوودا زۆر کات نەیتوانیوە مووچە دابین بکات و بە ئێستاشەوە مووچەی مانگی هەشت و نۆ نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار بەردی بناغەی داناوە و پڕۆژەکان هەر وەک بەردی بناغە ماونەتەوە و جێبەجێ نەکراون،

بە جۆرێک ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان دەڵیت بە هۆی دانانی بەردی بناغە ی پڕۆژەكان تەواو نەكراوەكان دەبوایە حکومەتی هەرێم ناوی بچێتە كتێبی گینسەوە.

ئەمە جگە لەوەی لە هەولێر پارتی ڕێگەی بەکەس نەدەدا لەسەر دانەمەزراندنیان خۆپیشاندان بکەن و نوێنەرەکانیان دەگرتن، کەچی لە کۆتا هەفتەکانیدا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕیاری دامەزراندن دەدات.

ئەوەی سەیرە حکومەتی هەرێم کە دەڵێت ناتوانێت کورتهێنانی مانگێکی مووچە پڕبکاتەوە، دێت و یەک زنجیرە پڕۆژەی ملیۆنان دۆلاری ڕادەگەیەنێت و پارتی چەندین میدیای گەورەی کردووەتەوە و لە پڕ ملیۆنان دۆلار هاتنە دەرەوە تا بتوانێت دەنگی هاوڵاتیان بەدەست بهێنێت
ئەمەش هاوڵاتیانی هەرێمی توڕە کردووە و دەڵێن دەزانین ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردنە، بەڵام لە یادمان نەکردووە کە ئەم پێنج ساڵەی ڕابردوو چیمان چەشتووە بە دەستانەوە.

هێزەکانی تری وەک گۆڕانیش لەسەر ئەو هەڵمەتەی پارتی ڕەخنەیان هەیە و دەڵێن بۆچی دەستکەوتەکان بەس بۆ مەسرور بارزانی بێت، ئەو سلێمانی ئیهمال کردووە و سزای ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە دەدات.

هەرەو سەروبەندەش لە پڕ ملیۆنان دۆلار لای یەکێتیش دەرکەوت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەڤەر، یەکێتی بۆ ئەم هەڵمەتە تا بتوانێت دەنگ بهێنێت هەڵمەتێکی چڕی بۆ کڕینی خەڵک و کەسی لایەنەکانی دیکە ئەنجامداوە و پارەی خەیاڵی خستووەتە بەردەستی چەندین بەرپرس و کادری لایەنە سیاسییەکانی دیکە تا بیانکڕێت و بڵێت هاتوونەتە ناو ڕیزەکانی یەکێتییەوە، لە کاتێکدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی وەستاون و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پارە نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گشتی هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست بێمووچەیی و بێ پارەییەوە دەناڵێنن، بۆیە هاوڵاتیان دەڵێن ئەگەر جارێک توانیتان بمانخەڵەتێنن خوا ئێوە بگرێت و ئەگەر جاری دوهەم بتوانن بمانخەڵەتێنن خوا خۆمان بگرێت، بەڵام دڵنیابن ئەم جارە بەو شێوەیەی کە ئێوە گرتوتانە باوەڕناکەین و سزایەکی قورس لە هەڵبژاردندا چاوەڕێتان دەکات.