نهێنییەکی سەیری خۆکوشتنەکەی ئەفسەرەکەی پاسپۆرت ئاشکرا دەکرێت!

ئابووری

13 تشرين الثاني 2024

24جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژێک بەسەر خۆکوشتنی هاوژین عەبدوڵا، ئەفسەرەی پاسپۆرتی سلێمانی تێپەڕی، پرسەکەشی یەکێک بوو لە قەرەباڵغترین پرسەکان و هێشتاش هیچ یەکێک لەوانەی لە نزیکەوە بینیویانە تێناگەن، ئەو پیاوە دەم بەخەندەیەی هەمیشە هەموانی دەخستە پێکەنین و بە هاوڕێکانی دەوت هەمووشت باش دەبێت و فشەیە چۆن خۆی کوشت و ئەو نهێنییە چی بوو کە وایکرد دەستی بچێتە ژیانی خۆی.

هاوژین عەبدوڵا کە باوکی دوو منداڵ بوو، ڕووداوەکەی شۆک ئامێز بوو، میدیای پارتی خێرا دۆسیەکەیان بە سیاسی کرد و تەنانەت گومانیان خستە سەر ئەوەی خۆی کوشتبێت یاخود کوژرابێت.

هەندێک زانیاری دیکەش لە میدیای دیکەوە بڵاوکرایەوە کە ئەو ئەفسەرە بەهۆی قەرزارییەوە خۆی کوشتبێت، ئەگەرچی کەڤەر لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسەیان کرد کە ڕۆژانە بینیویانە جەختیانکردەوە کە بە دووری بزانن ئەو قەرزار بووبێت.

بەڵام لە هەمووی سەیرتر شتێکە ئەوەیە ئەو ئەفسەرە حەزێکی سەیری لە رەقەمی جوان بووە، تەنانەت بە ڕۆژی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکەشی کە یەکەمجار لە هۆبەیەکی ئاسایشدا دروست دەکرێت، ڕۆژی ٩ی٩ی ساڵی ١٩٩٩ دادەمەزرێت وەک ئەوەی ئەم ڕێککەوتە جوانە، بە درێژایی ژیانی کاریگەری لەسەر هاوژین هەبووبێت تا مردنی لێی نابێتەوە.

هاوژین بۆ پرسەکانی دیکەی ژیانیشی هەر ژمارەکانی لا گرنگ بووە، هاوڕێیەکی ئەمڕۆ دوای پرسەکەی وتی هاوژین زۆر گرنگی بە ژمارە داوە و هەمیشە پەیوەست بووە بە ژمارەکانەوە، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێت وایکردبێت ڕۆژگارێک لە ئامار ئیش بکات.
دواجار هاوژین ژمارەیەکی سەیریشی بۆ مردنی هەڵبژارد، کە هاوشێوەیە ژیانە سەیرەکەی بوو، ئەو کاتژمێر ١١ و لەناو ئەویشدا دەقەی ١١ و ڕۆژی ١١ی مانگی ١١ی بۆ مردنەکەی هەڵبژارد، وەک ئەوەی بڵێت هەرگیز نامەوێت لە یاد بچمەوە، ئەوانەشی ناسیویانە دەڵێن هەرگیز کەسێکی وەک ئەو دروست نابێتەوە.