وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر مافی مرۆڤ

ئابووری

25 آب 2024

55جار خوێندراوەتەوە
دژی پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایە دژی مافی مرۆڤە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە فەرمی ناوی یاسای دژە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازییە، ئەم یاسایە هەڕەشە لە مافە دەستورییە پارێزراوەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکات".
ئاماژە بەوەشکراوە، "یاساکە پەیوەندی هاوڕەگەزبازان بە غەرامەکردنی زۆر و زیندانیکردن قەدەغە دەکات و سزای ئەو کەسانە دەدات کە ئەو کارە دەکەن، سنووردارکردنی مافی هەندێک تاک لە کۆمەڵگایەکدا، مافی هەمووان تێکدەدات".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیدەکاتەوە، "ئەم یاسایە هەڕەشە لەسەر لاوازترین خەڵکی عێراق دەکات، دەتوانرێت کاربهێنرێت بۆ سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا دەربڕین و بۆ سەرکوتکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان لە سەرانسەری عێراق، هەروەها ئەم یاسایە توانای عێراق لاواز دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی".
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە، "رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق زۆر گرنگە. ئەم یاسایە لەگەڵ ئەم بەهایانەدا ناتەبایە و هەوڵەکانی چاکسازی سیاسی و ئابووری حکومەت تێکدەدات".
دوێنێ شەممە 27ی نیسانی 2024 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی و لەشفرۆشی پەسەندکرد و وەک لە یاساکە ئاماژەی پێدراوە هەرکەسێک ئەم کارانە بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردن و پێبژاردن، هەروەها سزای زیندانیکردن لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ بۆ پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی و هەروەها ئاڵوگۆڕی ژنان دیاری کراوە، جگە لەوە یاساکە چالاکیی هەر رێکخراوێک کە پەرە بە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی بدات لە عێراق قەدەغە دەکات، هەروەها سزای حەوت ساڵ زیندانی دەکات بەهۆی "بەرەوپێشبردنی" پەیوەندیی هاوڕەگەزبازان و لەشفرۆشی.