بۆ یەکەمجار لە دیالە نەشتەرگەریی "قەستەرەی دڵ" بۆ منداڵ ئەنجامدەدرێت

ڕاپۆرت

30 نيسان 2024

58جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دیالە رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی شارەکەدا نەشتەرگەریی قەستەرەی دڵ بۆ منداڵان ئەنجامدەدرێت.
 فارس عەزاوی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتییەکە ستراتیژێکی تۆکمەی گرتۆتەبەر لە پەرەپێدانی تواناکانی بۆ ئەنجامدانی نەشەرگەری ئاڵۆز کە پێشتر لە نەخۆشخانەکانی دیالە ئەنجام نەدراون، لەوانەش قەستەرەی دڵ بۆ منداڵان".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان ئەنجامدرا و ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ بۆ منداڵان لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا".
ئەلعەزاوی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە "ئەنجامدانی نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ، کە لە نەخۆشخانەی باقوبەی فێرکاری دەبێت وەک قۆناغی یەکەم، بارگرانی لەسەر خێزانەکان هەڵدەگرێت لە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی بەغدا یان هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانیان".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بریتییە لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ٧ جۆر نەشتەرگەری لە پسپۆڕییە جیاوازەکان لە ماوەی ١٨ مانگی داهاتوودا، لە هەمان کاتدا هەموو پێداویستی و توانایەکی پێویست دابین دەکات.