دووکەڵی ڕەش لە حکومەتی هەرێمەوە دەرچوو
شەڕی پارتی و یەکێتی گەیشتە ناو بینای حکومەت
دۆخەکە خەریکە لە گرێژنە دەردەچێت
دۆخێکی هەستیار هەیە، هەڵبژاردنە و بانگەشە لە ئێستاوە توندە، بەغدا لە هەرێمی گیرکردووە و خەریکە فەرمانبەران مووچەیەکیان دەفەوتێت، قەیرانەکەش گەیشتووەتە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و کەس نازانێت چی ڕوودەدات.
هەموان دڵخۆش بوون کە دوو مووچە بۆ هەرێم دێت و بەغدا ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی حەوت و هەفتەی داهاتووش مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، بەڵام لە کونفەیەکونێکدا دڵخۆشی نەما، بەغدا وتی ئەمە ئاخیر مووچەیە بەم لیستە خراپە بینێرین و ئەوەشی ناردومانە هی مانگی هەشتە و خۆتان حلی مانگی حەوت بکەن لەو پارە زیادەیەی پێشتر ناردومانە، هەرێمیش دەڵێت بەش ناکات.
لەم دۆخەدا بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبێتەوە و بڕیارێک لەسەر مووچە بدات، بەڵام شەڕی میدیایی یەکێتی و پارتی لە لوتکەدایە و دووکەڵی ڕەشی لە کۆبوونەوەکە هەستان و تەلەفۆن بۆ وەزیرەکان کراوە و پێیان وتراوە مەیەن کۆبوونەوە و شتمان نییە.
چەند ڕۆژێکە میدیای یەکێتی هێرشێکی چڕ دەکاتە مەسرور بارزانی، ئەوەی ناڕونە تا ئێستا نازانرێت لە پشتی توڕەیی و بێزاری و هاوارلێهەستانی یەکێتییەوە چی هەیە و مەسرور بارزانی چی تری کردوە وا جارێکی تر یەکێتی توڕە بووە، بەڵام ئەوەی ڕوونە لە پشتەوە شتێک دەگوزەرێت دوور لە چاوی میدیا و خەڵک،
هێرشەکان هەموو سنورێکی تێپەڕاند و یەکێتی جاڕی ئەوەیدا کە جارێکی تر مەسرور بارزانی نابێتەوە بە سەرۆکی حکومەت و کابینەکەیان لێ دەسێننەوە، تەنانەت وتارەکەی ستران عەبدوڵا بە ئاستێک توند بوو، کابینەکەی بە شکستخوارد و تیمی پارتیشی بە ڕووزەرد ناوبرد،
پارتیش ئەمڕۆ ئیتر پەتی سەبری بچڕا، جارێک لەسەر ئاستی وتەبێژی حزب و جارێک لەسەر ئاستی وتەبێژی حکومەت وەڵامی یەکێتیان دایەوە.
مەحمود محەمەد، بە ڕوونی ڕایگەیاند ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.
هاوکات پێشەوا هەورامانیش ڕوویکردە ستران عەبدوڵا و وتی کەسێک ئەم قسەیەی لێ جوانە بەشێک نەبێت لەم حکومەتە،پێنج ساڵ بە چەپ و ڕاست پلەو پۆست و موچەی حکومەت و دەسەڵاتی حکومەت بەکاربهێنن،مانگێک پێش هەڵبژاردن ببنەوە ئۆپۆزسیۆن! چەند قەباحەتە ئەم دوو ڕوییە، بەڵام پشتڕاستبن ئەمە ئارەزوویەکە دەبێت هەتا ماون سترانی بەسەردا هەڵبڵێن
هەرچی بێت، خەڵک مووچەی نییە، کەچی شەڕی ڕاگەیاندن و بانگەشەی هەڵبژاردن، کۆبوونەوەی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە و کەس نازانێت مووچە کەی دەدرێت،